کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسێن کۆکەن سەرجەم دارایی خۆی بە قوتابخانەکانی بایەنگان پێشکەش کرد

20:31 - 20 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: حوسێن عوسمانی، هەموو سەرمایەی خۆی بە قوتابخانەکانی بایەنگانی سەر بە شارستانی پاوە بەخشی.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، حوسێن عوسمانی تەمەن ٨٤ ساڵ، ناسراو بە حوسێن کۆکەن خەڵکی گوندی درۆڵە سەرجەم دارایی خۆی کە ٦ میلیۆن تمەن بوو، بە قوتابخانەکانی بایەنگانی سەر بە پاوە پێشکەش کرد. ئەم پارەیە تەواوی دارایی ئەم پیاوە کوردەیە کە دەوترێت گەشتیاران پێیان داوە.

11354.jpg

حوسێن کۆکەن هەتا ئێستا چەند جار بۆ دروست کردنی مزگەوت و قۆتابخانە یارمەتیی داوە و یەکێک لە لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە بە وتەی خۆی لە مێژە لایەنگری و پاڵپشتی ئەو لە حیزبی دێموکرات بۆ رێژیم دەرکەوتووە.

بەشێک لە ژیاننامەی حوسێن کۆکەن

خاڵو حوسێن کۆکەن، کوڕی سەلیم و زوبێدە، رێکەوتی ٦ی رەزبەری ١٣٠٩ لە درۆڵەی سەر بە پاوە لە دایک بووە.

11357.jpg

حوسێن کۆکەن بە هۆی هەڵکەندنی شاخ و دروست کردنی ماڵ لە نێودڵی ئەشکەوتەکانی پاوە بە فەرهادی دووەم ناسراوە.

ئەو پیاوە کۆکەنە لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا، لەگەڵ ئامۆزایەکی خۆی بە ناوی بە رابیعە ژیانی هاوبەشی پێکهیناوە کە دواتر دەبنە خاوەن ٣ کچ و ٣ کوڕ و خاڵە حوسێن دوای ماوەیەک لە کاتی راوکردن دا لاقێکی لە دەست ئەدا.

پاش ماوەیەک ماڵەکەی لە دڕۆڵە لەدەست داوە و بۆ ناوچەی قشلاق کۆچی کردووە و لە ماڵێکی قوڕاوی درێژەی بە ژیانی خۆی داوە. دواتر بەهۆی داڕمانی ماڵەکەی هەمووی مەڕوماڵاتەکەی فەوتاوە و لە درێژەی ژیانیدا ٣ کوڕەکەی و هاوسەرەکەی لە دەست داوە و لەبەر ئەوەش رووی لە شاخ دەکات.

11360.jpg


کۆکەن لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بۆ ناوچەی شاخاویی مێگورە سەر بە بانەوەڕێ رۆیشتووە و دەستی بە کۆ کەندن کردووە کە ئێستاش لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا هەر لەو ماڵە هەڵکەندراوەدا ژیان بەسەر دەبات.

حوسێن عوسمانی هەڵکەندنی ئەشکەوتی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی دەستی پێکرد و لە ئەم شاخە ٩ دیوی هەڵکەندووە کە بەرزاییان بە ١٧٠ یا ١٨٠ سانتی میتر دەگات.

ئەم ئەشکەوتە کە حوسێن کۆکەن دروستی کردووە، ئاسەوارێکی بە نرخی مرۆییە کە لە ساڵدا هەزاران گەشتیاری کوردستان رووی تێدەکەن.