کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حكوومەتی ئەمریكا وێڕای واژۆ كردنی گرێبەستی چەكوچۆڵ لەگەڵ ئیسراییل، هوشداریشی بەئێران دا

00:01 - 2 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: وەزیری بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند، گرێبەستی فرۆشی چەكوچۆڵ بەئیسراییل پەیامێكی زۆر روونە بە رێژیمی ئیسلامیی ئێران.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردەوە، چاك هیگل لەسەردانی بۆ رۆژهەڵاتی ناڤین و هەروەها وڵاتی ئیسراییل رایگەیاند، حكوومەتی تلاویو مافی خۆیەتی لەكاتی هەست كردن بەمەترسیی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بەرگریی لەخۆی بكات.
ئەو لێپرسراوە وتیشی: حكوومەتی ئیسراییل بەمەبەستی بەرگریی لەخۆی گرێبەستێكی دە میلیارد دۆلاری چەكوچۆڵی لەگەڵ ئەمریكا واژۆ كردووە.
چەند رۆژ لەمەوبەریش ژمارەیەكی بەرچاو لەنوێنەرانی دێمۆكرات و كۆماریخوازی سنای ئەمریكا گەڵاڵەیەكیان بەمەبەستی پشتیوانی لەحكوومەتی ئێسرائیل لەكاتی هێرشی نیزامی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئەو رێژیمە پەسند كرد.
بەپێی ئەو گەڵاڵەیەی سنای ئەمریكا، ئەو وڵاتە لەكاتی هێرشی نیزامیی ئیسرائیل بۆ سەر رێژیمی ئێران، دەبێ پشتیوانی ئابووری و نیزامیی لە ئیسرائیل بكات.
لەو گەڵاڵەیەدا هاتووە ئەگەر ئیسرائیل بەمەبەستی بەرگریی لەخاكەكەی ناچار بكرێ‌ هێرش بكاتە سەر ئێران، ئەمریكا دەبێ‌ شانبەشانی ئیسرائیل پشتیوانی نیزامیی و ئابووری لەو وڵاتە بكات.
هەر لەو تەرحەدا هاتووە، پێویستە ئەمریكا بەمەبەستی پێش گرتن لەدەست پێڕاگەیشتنی ئێران بە چەكی ئەتۆم سەرجەم رێكارەكان بەكار بێنێت.