کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی قورسی ١٤ تاونباری بەحرەینی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ رێژیمی ئێران پشتڕاست کرایەوە

20:12 - 10 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: دادگایی جەنایی بەحرەین، حوکمی سەرەتایی ١٤ هاووڵاتیی ئەو وڵاتەی کە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ رێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا دەرکرابوو، پشتڕاست کردەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دادگای بەحرەین حوکمی ١٤ هاووڵاتیی ئەو وڵاتەی کە ١٢ کەیس زیندانی هەتایی، ٣٠ ساڵ بەندکران و سزای دانی ١٢ هەزار دیناری بەحرەینی لەخۆ گرتبوو، پشتڕاست کردەوە.

پێشتریش دادگای جەنایی بەحرەین بۆ ١٢ کەس لە تاوانبارەکان، حوکمی بەندکرانی هەتایی و بۆ دوو کەسی دیکە ١٥ ساڵ زیندان و سزای دانی هەزار دیناری بەحرەینی و دەستبەسەرداگرتنی دارایی ئەو کەسانە دەرکردبوو.

دادگای پێداچوونەوەی بەحرەین تۆمەتی هاوکاریی زانیاریی ئەو کەسانەی لەگەڵ دەست و پەیوەندییەکانی رێژیمی ئێران و سیخوڕی بۆ ئەو رێژیمە و هەروەها راهێنان لە سپای پاسدارانی ئێران و گرووپی حیزبووڵڵای عێراق پشتڕاست کردەوە.

لە ماوەی ٤ ساڵی رابردوودا بە دەستپێکی شەپۆلی دووهەمی شۆڕش لە وڵاتانی عەرەبی کە بە بەهاری عەرەبی ناسراوە، رێژیمی ئیڕان بەردەوام لە کاروباری وڵاتانی درواسێ دەستێوەردانی کردووە و بۆ هێنانە سەرکاری حکومەتی شیعە مەزهەب هەوڵی داوە.

لەو پەیوەندییەدا و پێشتریش لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی دوحە، وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی بەشداربوو، نیگەرانیی خۆیان لە دەستێوەردانی رێژیمی ئێران لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆڵی رێژیمی ئێڕان لە هەڵگیرسانی قەیرانی ئێستای ناوچەکە، دەربڕی. 

هەروەها، لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی دوحە بانگەشەیەکی گشتگر بۆ کۆتایی پێهێنان بە دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران بڵاو کراوەتەوە و راگەیەندراوە کە گێچەڵ کردنی رێژیمی ئێران هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی سەقامگیریی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشتیوانیی لە رێژیمی بەشار ئەسەد و گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچە، سەرەکیترین هۆکارگەلێکن بۆ ئەوەی ئەم رێژیمە هەنووکە لە جیهاندا وەک گەورەترین پاڵپشتی ماڵیی تێرۆریزم بناسێندرێت.