کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خراپـیی رێگاکانی هاتوچۆ، کێشەیەکی دیکە کە بەرۆکی دانیشتوانی ئیلامی گرتووەتەوە

19:44 - 19 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: پارێزگای ئیلام وەکوو بەشخوراوترین پارێزگای ئێران لەگەڵ کێشەی خراپیی رێگەوبان بەرەوڕووە و سەرەڕای ئەوەی کە چەندین جار بوودجە بۆ ئەو گرفتە دابین کراوە، بەڵام چارەسەر نەکراوە.
هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکان بڵاویان کردووەتەوە، ژێرخانی ئابووریی پارێزگای ئیلام زۆر لاوازە و لەم ساڵانەی دواییشدا سەرەڕای دابینکردنی بوودجە بۆ چارەسەریی ئەو گرفتانە، هیچ هەنگاوێک بۆ باشتربوونی دۆخی ئابووری ژیانی هاووڵاتییان جێ‌بەجێ نەکراوە.
نەبوونی رێگەوبانی ستاندارد کێشەیەکە کە دانیشتوانی ئەو پارێزگایەی تووشی رووداوی هاتوچۆی فراوان کردووە و ساڵانە دەیان هاووڵاتی لە رێگاکانی ئیلام و بەتایبە رێگەی ئیلام ــ مێهران، تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبن و گیانیان لە دەست دەدەن.
رێگای حەمیل ــ ئیلام ــ ساڵح ئاباد و ساڵح ئاباد ــ مێهران ــ دێهلۆڕان، چەندین شوێنی مەترسیداریان تێدایە کە ساڵانە بەهۆی رووداوی هاتوچۆ قوربانی دەگرێت.
رێگای خراپ و پڕ مەترسییەکان لە پارێزگای ئیلام سەرەکی‌ترین هۆکاری هاتنە ئارای رووداوەکانی هاتوچۆ لەو پارێزگایە دایە.