کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێك بەنیشانەی پشتیوانی لەزیندانیانی سیاسیی و كۆڵبەرانی كورد لەنوروێژ بەڕێوەچوو

17:35 - 15 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: خۆپیشاندانی كوردەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان و بەشێك لەئێرانیی و نوروێژییەكان بۆ پشتیوانی لەزیندانیانی سیاسیی و كۆڵبەران وكاسبكارانی كورد بەڕێوەچوو .
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەو خۆپیشاندانە لەلایەن كۆمیتەی كار كردن بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی نۆبێلی كەبوودوەند رێك خرابوو.
سەرەتا خۆپیشاندەران لەئیزگەی شەمەندەفەری ئۆسلۆ بە هەڵگرتنی ئاڵای كوردستان ودەیان دروشم و وێنەی زیندانیانی سیاسی كورد و كۆڵبەران بەرەو بەردەم پارلمانی نوروێژ وەرێ‌كەوتن و دواتر یەك خولەك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی پاكی شەهیدانی كوردو كوردستان راگیرا.

لەو كۆبوونەوەیەدا وتاری دەستەی ئامادەكار خوێندرایەوە و دواتر ئاكسل هاگن ئەندامی پارلمانی نوروێژ، سەر بە حیزبی سوسیالیستی چەپ و ئەندامی گرووپی كاری كوردان پەیامێكی بەو بۆنەوە پێشكەش كرد.

پاشان هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی بە سروودێكی شۆڕشگێڕی پشتیوانی خۆی لە زیندانیانی سیاسیی و كۆڵبەران و كاسبكارانی كورد دەربڕی. مەحموود ئەمیری موقەدەم بەرپرس و وتەبێژی رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران ـ ئورووپا لەو پێوەندیەدا وتەیەكی لەسەر زیندانیی سیاسی كورد و گەلانی دیكەی ئیران پێشكەش كرد.

4953.jpg


لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا پەیامی كۆمیتەی حیزب و رێكخراوەكانی كوردستانی ئێران بە زمانی كوردی و نوروێژی لە لایەن سەلاح سوڵتان پەنا و كارۆخ باوەجانییەوەە پێشكەش كرا و هەروەها دوو هاوسەری هونەرمەند و گۆرانی بێژی ئەفغانی دوستی كورد بە گورانییەكی هاوبەش بەشدارییان لە بەرنامەكەدا كرد.
پاشان هونەرمەند و سینەماكاری كورد نیشتمان حوسێنی پەیامێكی لەسەر كۆلبەران پێشكەش كرد و بەدوای ئەودا سۆران سەید محەممەدی بەو بۆنەیەوە پەیامێكی خوێندەوە.