کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانێک لەدژی رێژیمی ئێران لەدژی لەسێدارەدانی لاوانی کورد، لە واشینگتۆن بەڕێوەچوو

14:24 - 22 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: لەو خۆپیشاندانەدا بە وتنەوەی دروشم لە دژی رێژیمی ئێران لە سێدارەدانی لاوانی کورد مەحکووم کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، لەسەر داوای ٢٠ رێکخراوی سیاسی، مەدەنی، کوردستانی و ئێرانی خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی دژی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بەردەم وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوەچوو.
خۆپیشاندانەکە بە ئامانجی مەحکووم کردنی سیاسەتی لە سێدارەدانی ئەم دوایی‌یانەی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران و بۆ مەحکووم کردنی سیاسەتەکانی رێژیمی ئیسلامی رێکخرابوو.
خۆپیشاندەران بە دانی دروشمی جۆراوجۆر و بەرزکردنەوەی پلاکارد و وێنەی گیراوە سیاسییەکان، پشتیوانیی خۆیان لە بەندکراوە سیاسییەکان دووپات کردەوە و بە خوێندنەوەی وتار و دروشمدان، پشتگیری و هاودەردیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی لە سێدارە دراوەکان و گیراوە سیاسییەکان دەربڕی.
پاش خوێندنەوەی چەند وتار و پەیامی لایەنەکان، بڕیارنامەی خۆپیشاندەران خوێندرایەوە کە تێیدا داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و رێکخراوەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ کردبوو کە گوشار بخەنە سەر تاران بۆ ئەوەی کۆتایی بە سیاسەتی سێدارە و کوشتار دژی رۆڵەکانی نەتەوەکانی ئێران بێنێت و هاوکات کردەوەکانی رێژیمی ئیسلامی مەحکووم بکات.