کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی دێموکرات‌پەروەری ناوچەی ژاوەرۆی سەوڵاوا بە توندی وەڵامی ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران دەدەنەوە

23:20 - 19 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: خەڵکی ژاوەرۆی سەوڵاوا بانگەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ یارمەتیدانی خەڵکی گوندی بۆڕیەر بە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بە توندی ڕەت دەکەنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خەڵکی ژاوەرۆی سەوڵاوا بانگەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیاندنەکانی سەر بە باڵی سەربازیی ئێران، واتە سپای پاسداران، کە باس لەوە دەکەن خەڵکی ژاوەرۆی سەوڵاوا بە تایبەت خەڵکی گوندی بۆڕیەر یارمەتیێکی بێ‌وێنەی هێزەکانیان کردووە لە ڕۆژانی ڕابردووەدا بە دژی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە توندی ڕەت دەکەنەوە.

دەقی پەیامی خەڵکی ناوچەی ژاوەرۆی سەوڵاوا:

ئەوەی بۆ هەمووان لەبەرچاوە و زۆر ڕوونە، ئەمە پیلانی نوێی ڕێژیمە کە بەردەوام شەڕی ڕەوانی دروست دەکات و بە پڕوپاگەندەی بێ بنەما و بە دوور لە هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێ‌کراو خەڵکی کوردپەروەری کوردستان دەشڵەژێنێت و بە شێوەیەکیش هەڵیاندەسەنگێنێت.

بەڵام خەڵکی ورەبەرز و ئیمان‌پتەو بە نیشتمان، قەت فریوی ئەم پیلانە نوێیانەی نەیار ناخوات و بە پێچەوانەشەوە وەڵامی کاریگەریان دەبێت بۆ ئەو هێرشە جۆراوجۆرانەی نیزامی تێرۆریستی.

ئەوە تەشکیلات و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لێی ئاگادارە کە خەڵکی کوردستان چۆن لەگەڵ نەیاری خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن.
بە تایبەت جەخت دەخەینە سەر خەڵکی ژاوەرۆ ، زۆرتر ژاوەرۆی سەوڵاوا کە ڕێژیم بە پیلانی خۆی باسی لێوە دەکات.

خەڵکی کوردپەروەر و هەمیشە دێموکراتی ناوچەی ژاوەرۆ، لە سەرەتای ڕاسانی حیزبی دێموکرات لە نێو خۆی وڵاتدا، دەستیان بە چالاکییەکی بەرچاو و گشتی کردووە و هەروەها بە هەموو گوندەکان و ناوچەکانی دەوروبەریەوە، پشتیوانییەکی بێ‌وێنەی هێزی پێشمەرگەیان کرد و دژ بە داگیرکەر وەستان و سەلماندیشیان زۆر بە شەوق و تاسەیەکی بێ‌وێنەوە پێشوازییان لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دوای ٢٠ ساڵ بە شێوەی فەرمی کرد.

کۆماری داگیرکەر چاک دەزانێت کە خەڵکی کوردستان بە چ شێوازێکی بەرین لە پێشەوەی هەنگاوەکانی هێزی پێشمەرگەوە بوون.

خەڵکی سڤیلی کوردستان نە تەنها بەرپرسیارەتی خۆیان لە چالاکیی پێشمەرگە بە ئەستۆ گرت و بە دژی کۆماری دژە گەلیی وەستان، بەڵکوو پێشمەرگەیەک بوون لەم قۆناغە نوێیەدا و گیان و ماڵی خۆیان لە سەر دەست دانا بۆ پێشکەش کردن بە کوردستانی خۆڕاگرمان.

ئەوەی خەڵکی ژاوەرۆ و بە تایبەت بۆڕیەر کردیان، بۆ ڕێژیم سەرسام هێنەر بوو و وەڵامێکی جدیش بوو بۆ ڕێکخستنەکانی ڕێژیمی تێرۆریستی.
ئێمە تەنها خەڵکی کوردستان لە ڕاگەیاندنەکانماندا بە بەردەنگ دەزانین و خۆیان چاک دەزانن چییان کردووە و پێویست نیە باس لە وردەکاری و زانیارییەکانی خەبات و تێکۆشانیان بکەین.

ئەمڕۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگا لە خۆرهەڵاتی وڵات پێویستە کە بە هەستیاری هەڵسوکەوت بکەن لەگەڵ پیلانە تیرۆریستی و دەست تێوەردانەکانی دوژمن. هێزی پێشمەرگەی خۆرهەڵاتی کوردستان بە گشتی بەرەو یەکڕیزییەکی پتەو و تەباییەکی بەلەرزە هێنەری نیزامی ستەم و داگیرکەری هەنگاو دەنێ. بەو هۆیەشەوە ئەبێت چاوەڕوانی هەموو شێوە هێرشێک بین و خۆمان لە هەموو بوارێکدا ڕێکبخەین و نەکەوینە ژێر کاریگەرییەکانی چالاکیی نەیارانمان.

ڕاگەیاندنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ژاوەرۆی سەوڵاوا و سنە

پشتگیری بۆ هێزی پێشمەرگە و ئەو کەسانەش کە لە کوردستان بە تۆمەتی پڕوپاگەندە، دەست بەسەر دەکرێن.

سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی نوێ و ڕابردوومان
سڵاو بۆ خەڵکی خۆڕاگری کوردستان
سڵاو بۆ بەندکراوانی سیاسی
بڕووخێ کۆماری ئیسلامی ئێران