کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراندنی گرووپی ژینگەپارێزی لەلایەن لاوانی کورد بۆ پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکانی کۆساڵان و شاهۆ

19:33 - 22 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: ئەنجومەنی تریفەی هەورامان بە هاوکاریی لاوانی کوردی گوندی بڵبەری مەریوان، چەندین تیمی بۆ پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکانی شاخەکانی کۆساڵان و شاهۆ دامەزراند.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە دەستپێکی وەرزی جووت‌بوونی بزنە کێوییەکان و کۆچڕەوی ئەو چەشنە لە ئاژەڵە کێوییان لە بەرزایەکانەوە بۆ داوێنی چیاکان؛ ئەنجومەنی تریفەی هەورامان بە هاوکاریی لاوانی کورد چەندین تیمیان بۆ پاراستنی ئەو ئاژەڵە لە ناوچە شاخاوییەکانی شاهۆ و کۆساڵان دامەزراند.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان رایگەیاند کە لاوانی گوندی بڵبەر بە مەبەستی پاراستنی بزنە کێوییەکانی ناوچەکە لە وەرزی جووتبوون، بە شێوەی خوازیارانە شیفتی نیگابانیان داناوە هەتا پێش لە راوی ئەو ئاژەڵانە بگرن.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو و بە تایبەت دوو ساڵی پێشوو، شەپۆلێکی بەرین لە چالاکیی ژینگە پارێزی کوردستانی رۆژهەڵاتی گرتووەتەوە و هەنووکە پاراستن لە ژینگەی لە کوردستان وەک چاندێکی گشتی وەرگیراوە.

ئازادکردنی کەو، شکاندنی چەکی راو، ئاگرتێبەردانی قەفەس، کۆکردنەوەی زبڵ لە شوێنە گەشتیارییەکان، چاندنی نەمامی داربەڕوو لە ناوچە شاخاوییەکان، کۆمەڵێک لەو هەوڵانەیە کە لەلایەن هاووڵاتیانی کورد بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان ئەنجام دراوە.