کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنی دەورەیی تاوتوێکردنی دۆخی مافی مرۆڤ/ پێشنیارەکانی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رێژیمی ئێران

16:21 - 14 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: لە کۆبوونەوەی تاوتوێکردنی دەورەیی دۆخی مافی مرۆڤی ئێران لە ژنێڤ، پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە مەحکووم کرا و بۆ باشترکردنی دۆخی هەنووکەیی لە ئێران رێ‌وشوێنی گونجاو خرایە پێشدەم هەنێردراوان رێژیم.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خولی دووهەمی تاوتوێکردنی دۆخی مافی مرۆڤ، رۆژی هەینی رێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە بنکەی شوورای مافی مرۆڤ ژنێڤ بە بەشداریکردنی شاندی نوێنەرانی رێژیمی ئێران بەڕێوەچوو.

بە پێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، لەو ١٢٦ پێشنیارەی کە رێژیمی ئێران لە خولی یەکەم‌دا پێی پابەند بوو، تەنیا یەک کەیسی جێبەجێ کراوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە رێژیمی ئێران لە خولی دووهەمی ئەو دانیشتنەدا، لەلایەن ١٠٨ وڵاتی بەشدار بوو، ٢٩١ پێشنیار و رێ‌وشوێنی پێ پێشنیار کرابوو.

راگرتنی ئیعدامی منداڵان، سزای هاوڕەگەزگەراکان و سزای بەردباران و هەروەها ئازادی ئینتێرنێت، لابردنی سانسوور و پەرەپێدانی ئازادی رادەربڕین، چاکسازیی دۆخی ژنان و بەشداربوونی ژنان لە کۆمەڵگادا، لەبەرچاو گرتنی مافی زیندانییان و مافی بوونی پارێزەر، باشتر کردنی دۆخی زیندانییان و لابردنی دانپێدانانی ئیجباری و ئەشکەنجە کردنی زیندانییان کۆمەڵیك پێشنیاری سەرەکی بوون کە خرایە بەردەم رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی لە داهاتوودا جێبەجێ بکرێن.

بەپێی راپۆرتە بڵاو کراوەکان، چاکسازیی دۆخی هاورەگەزگەراکان و کەمینە مەزهەبییەکان، ئازادی بەستنی کۆڕ و کۆبوونەوە، ئازادی زیندانییانی سیاسی، مافی کەمینە ئێتنیکییەکان، لەبەر چاو گرتنی مافی دەروێشەکان، ئازادی کەمینەی مەزهەبی وەک بەهاییەکان لەبەر چاو گرتنی مافەکانیان، لابردنی بەرنامە فەرمییەکانی میدیاکان بۆ لۆمەی نەتەوە بندەستەکان، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و رەگەزی و ئازادیی رۆژانامەوانان بەشێکی‌تری پێشنیارەکانی ١٠٨ وڵاتی بەشدار لە کۆبوونەوەکەی لەخۆ گرتبوو.

سەرجەم ئەو پێشنیارانە دوای پۆلێنبەندی و رێک‌کردن لەلایەن لیژنەی دیاری کراوەوە، درایە هەنێردراوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و ئەو رێژیمە بۆ جێبەجێ کردنیان لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا پاپەند بوو.