کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنی عەمان بێ هیچ ئاکامێک کۆتایی پێهات

14:12 - 21 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: دانووستانەکانی سێ لایەنەی عەمان، لە سێ قۆناغدا بەڕێوە چوو و بە بێ ئاکامێکی دیاری کراو کۆتایی پێهات.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دانووستانی سێ لایەنەی جان کێری، وەزیری دەرەوەی ئامریکا و محەمەدجەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران بە بەشداریی کاترین ئەشتۆن، نوێنەری یەکیەتیی ئورووپا و رێکخەری کاروباری گرووپی ١+٥ رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی لە مەسقەت، پێتەختی وڵاتی عەمان دەستی پێکرد.

قۆناغی یەکەمی ئەم دانوستانە سێ لایەنە کە لە دوو بەشی وتووێژی نێوان بەشداربووان پێکهاتبوو، کۆتایی پێهات.

سێهەمین دانیشتنی ئەم دانووستانە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ دانووستانەکانی داهاتووی نێوان شاندی دانووستانەکاری رێژیمی ئێران و شەش وڵاتی زڵهێزی جیهانی بەڕێوەچوو.

جێنیفێر ساکی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا پاش کۆتایی ئەم دانووستانە سێ لایەنە، بە بێ ئاماژە بە ئاکامی ئەو وتووێژانە، دانوستانەکانی دژوار وەسف کرد.

هەواڵدەریی رویترزیش جەختی لە سەر مانەوەی کێشە و گرفتی زۆری نێوان بەشداربووان کرد.

پاش کۆتایی دانووستانی سێ لایەنەی عەمان، وەزیری دەرەوەی ئامریکا و وەزیری دەرەوەی رێژیمی ئێران بە ئاکامی ئەم دانووستانانە هیچ ئاماژەیەکیان نەکردووە.

هەروەها، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٨ خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، باراک ئوباما، سەرکۆماری ئامریکا بە جەخت کردنەوە لە سەرناکۆکیی قووڵ لە نێوان هەڵوێستەکانی رێژیمی ئێران و ئامریکا لە دانوستانەکان، وتی کە وەک خۆی شک و گومانی لە دەستپێڕاگەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی لە دانوستانەکانی وەزی ناوکی و کۆتایی هێنان بە کێشە و گرفتەکانی نێوان رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥ هەیە و ئەوەیشی رایگەیاند کە هەنووکە بۆشاییەکی گەوەرە هەیە و لەوانەیە بە ئاکام نەگەین.

لە چەند رۆژی رابردوودا، یوکیا ئامانۆ، سەرۆکی گشتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە نوێترین راپۆرتەکانی خۆیدا باسی لە هاوکاری نەکردن و وڵام نەدانەوەی رێژیمی ئێران بە پرسیارەکانی سەبارەت بە گوماناوی بوونی بەرنامەی ناوکی کردوە و جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە ئەو ناوەندە لە لایەنە نیزامییەکانی بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئیسلامی نیگەرانە و تاران بە پێجەوانەی بەڵێنیەکانی خۆی هەتا ئێستا زانیاریی پێویستی سەبارەت بە دوو مەسەلەی دیار و تایبەت نەداوەتە ئاژانس و لە پێدانی زانیاری بەو ئاژانسە خۆی بوواردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ئەنێستیتۆی زانست و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی کە (اتاق فکر آمریکایی)ێکی ئامریکاییە بە پشت بەستن بە نوێترین راپۆرتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وەزی ناوکی رایگەیاندووە کە رێژیمی ئێران، پێشکەوتووترین سانتریفیوژی خۆی بەرێخستوە، و دەستی بە پێشێلکاری رێکەوتنامەکان کردووە. دانوستانە ناوکییەکانی ئێران لەگەڵ گرووپی ١+٥ کە وڵاتانی بریتانیا، فەرانسە، رووسیە، ئامریکا، چین و ئاڵمانی تێدا بەشدارە هەتا رێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ئەمساڵ درێژ کرایەوە و دوو گرووپی دانوستانکار بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی کۆ دەبنەوە.