کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژکردنەوەی ماوەی دۆخی نائاسایی ئامریکا لەبەر رێژیمی ئێران

14:58 - 22 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتیی مەجلیسی نوێنەران و سێنای ئەو وڵاتە دۆخی نائاسایی لەبەر مەترسیە شاراوەکانی رێژیمی ئیرانی درێژ کردەوە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی رادیۆ فەردا باراک ئۆباما سەرکۆماری ئامریکا رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی بە ناردنی نامەیەک بۆ سەرۆکایەتیی دوو مەجلیسی سێنا و نوێنەران، بە جەخت کردنەوە لەسەر نائاسایی بوونی پەیوەندییەکانی نێوان رێژیم ئێران و دەوڵەتی ئامریکا، دۆخی نائاسایی ئەو وڵاتەی سەبارەت بە رێژیمی ئێران بۆ ماوەی ساڵێکی‌تر درێژ کردەوە.

ئۆباما لەو نامەیەدا رایگەیاندووە کە دوای ٣٤ ساڵ، رێکەوتنی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لەگەڵ رێژیمی ئێران بە تەواوی بەڕێوە نەچووە.

دوای دوو ساڵ لە بە دەسەڵات گەیشتنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی‌دا، رێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئامریکا بۆ کۆتایی هێنان بە پرسی گرۆگانگیری لە باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاران رێکەوتن، بەڵام هەندێک لە ناوەرۆکی ئەو رێکەوتنە هەتا ئێستاش دوای ٣٤ ساڵ بەڕێوە نەچووە و بەردەوام وەکوو خۆی ماوەتەوە.

ساڵی ١٩٧٩ی زایینی بەرامبەر بە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، جیمی کارتێر سەرکۆماری ئەو کاتی ئامریکا سەبارەت بە رێژیمی ئێران دۆخی نائاسایی راگەیاند و ئەو دۆخە دواتر لەلایەن هەموو سەرکۆمارەکانی ئامریکا درێژ کراوەتەوە؛ ئەو گەمارۆیانە کە دەوڵەتی ئامریکا لە دەورانی سەرکۆماری جیمی کارتێر بۆ یەکەم جار دژی رێژیمی ئێران پەسندی کرد، رێگریی لە چالاکییەکانی رێژیمی ئێران لە ئامریکا گرت.

لەم دواییانە، سێناتۆرە ئامریکاییەکان داوای رێکەوتنێکیان کردووە کە رێگری لە رێژیمی ئێران بۆ وەدەست‌خستنی چەکی ئەتۆمی بکات.

لەو پەیوەندییەدا، جۆبایدێن، جێگری سەرکۆماری ئامریکا لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی تەلەفیزیۆنیی (CNN)دا، مووشکەکانی حیزبووڵڵا لە سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل، داعش و گرووپی ئەلنووسرە لە باکوو و رۆژهەڵات و بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێرانی هەڕەشەیەک بۆ تەناهی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان وەسف کردووە و جەختی کردووەتەوە کە ئامریکا بە هیچ شێوازێک نەهێڵێت کە رێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی بگات.

ئەوە لە حاڵێکدایە رێژیمی ئیسلامیی ئێران هێڵی سووری بو تیمی دانوستانکار دیاری کردووە و بە باوەڕی زۆربەی کارناسان دیاریکردنی هێڵی سوور لە دانوستانە ناوکییەکان دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی ئەستەم دەکات.