کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوابەدوای رووداوی مەریوان سێ‌ هاووڵاتیی دیكەی كورد لەشاری مێهران لەپێش چاوی گشتیی بێ‌رێزییان پێ‌كرا

22:49 - 7 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: سێ‌تۆمەتباری كورد لەشاری مێهران لەپارێزگای ئیلام لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانی ئەو شارەوە لەناو شار و لەشوێنە گشتییەكان پیشانی خەڵكی دراون.
پیشاندانی ئەو سێ‌لاوە كوردە، چەند رۆژ دوای گەڕاندنی هاووڵاتییەكی كورد لەشاری مەریوان لەپارێزگای كوردستان، رووی داوە.
لەوپێوەندییەدا بەشی هەواڵیی ئیلام بڵاوی كردۆتەوە، گەڕاندنی ئەو سێ‌تۆمەتبارە كوردە لەلایەن پۆلیسی ١١٠ی شاری مێهرانەوە ئەنجام دراوە.
پێشتریش لەرێكەوتی ٢٦‌ی خاكەلێوە هێزە ئینتزامییەكانی رێژیم لەشاری مەریوان تاوانبارێكیان بە لەبەر كردنی جلی ژنانە سزا دابوو و لە ناو شاردا پیشانی خەڵكیان دابوو.

ئەو هەوڵەی هێزە ئینتزامییەكان و حوكمی دادگای شاری مەریوان خۆپیشاندان وناڕەزایەتیی بەرچاوی چالاكانی مەدەنیی و مافەكانی ژنانی لێكەوتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا ناوەندی كاروباری ژنانی ئێران لە دەفتەری سەركۆماری رێژیمیش رەخنەی لەو كارە گرتبوو و وتبووی ئەو كارەی هێزە ئینتزامییەكانی شاری مەریوان كارێكی شیاو نەبووە.
هەنووكە دوای ئەو هەموو ناڕەزایەتییە جارێكی دیكەش ئەو هەوڵە لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانی مێهرانەوە دووپات كراوەتەوە.
شارستانی مێهران لەپارێزگای ئیلامە و لەگەڵ عێراق سنووری هاوبەشیان هەیە و زۆربەی ئەو كەسانەی كە لەئێرانەوە بەمەبەستی زیارەت سەردانی عێراق دەكەن بەو سنوورەدا تێدەپەڕن.