کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دورەدیمەنی تاریکی ئابووریی ئێران/ دابەزینی هەناردەکردنی نەوت بۆ وڵاتە ئاسیاییەکان

18:41 - 8 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: دوابەدوای کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکانی کۆمەڵگای جیهانی بە دژی رێژیمی ئێران، هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ وڵاتە ئاسیاییەکان بۆ کەمتر لە یەک میلیۆن بەرمیل لە رۆژدا دابەزیوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی رۆیتێرز، کڕینی نەوتی رێژیمی ئێران لەلایەن وڵاتە ئاسیاییەکان دوای پەسندکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا و یەکیەتیی ئورووپا، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دابەزیوە و بۆ دووهەمین جار لە ماوەی یەک ساڵدا بۆ کەمتر لە یەک میلیۆن بەرمیل لە رۆژدا دابەزیوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ وڵاتە ئاسییەکانی لە مانگی ئۆکتۆبردا بۆ ٨٧٨ هەزار بەرمیل دابەزیوە کە بە پێی مانگی سێپتامبر لە سەدا ١٩ دابەزیوە.

بەر لە داسەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکان هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە رۆژدا زیاتر لە ٢ میلیۆن و ٢٠٠ هەزرا بەرمیل بوو، بەڵام ساڵی رابردوو هەناردەکرانی نەوتی ئێران بۆ کەمتر لە یەک میلیۆن بەرمیل دابەزی و ئەو رەوتەش بەردەوام درێژەی هەیە.

کارناسانی ئابووری لەو باوەڕدان کە بەپێی ئەوەیکەی ئابووریی ئێران بە تاقە بەهەمی نەوت بەستراوەتەوە، دوای گەمارۆکانی ئامریکا سەنعەتی نەوتی ئەو وڵاتە راوەستاوە.

هەنووکە گەمارۆ ئابوورییەکان لە لایەک و دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت و داکشانی نرخی ئەو بەرهەمە لە لایەکی دیکەوە دورەدیمەنی ئابووری ئێران ناڕوون و لێڵتر کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی عەرەبستانی سعوودی بەپێی دابەزینی نرخی نەوت هەڕەشەیەکی جیدیە بۆ سەر قورستربوونەوەی لێکەوتەی گەمارۆکانی دژی رێژیمی ئێران.