کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو سێناتۆری ئامریکایی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە نامەی ئۆباما بۆ خامنەیی دژکردەوەی توندیان نیشان دا

19:28 - 17 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: دوو سێناتۆری ئامریکایی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە ناردنی نامە بۆ خامنەیی لەلایەن ئۆباماوە، دژکردەوەیان لە خۆیان نیشان دا.

بەپێی راپۆرتی رادیۆ فەردا، جان مەک کین و لینزی گراهام، دوو سێناتۆری کۆماریخواز، دژکردەوەیان بە ناردنی نامەی نهێنی بۆ خامنەیی نیشان داوە.

ئەم دوو سێناتۆرە ئامریکاییە لە پرچەکردارێکی تونددا، ناردنی نامەی نهێنی بۆ خامنەیی و بانگهێشتی رێژیمی ئێران بۆ هاوکاری کردن لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپی داعشیان قێزەون و جێی شەرم لە قەڵەم دابوو.

رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، رۆژنامەی ئامریکایی واڵ ستریت جورنال لە راپۆرتێکدا هەواڵی ناردنی نامەیەکی نهێنی لەلایەن باراک ئوباما، سەرکۆماری ئامریکا بۆ خامنەیی بڵاو کردبووەوە.

سێناتۆرە ئامریکاییەکان رەخنەی توندیان لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئوباما لە روبەڕوو بوونەوەی رێژیمی ئێران لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا گرتووە و زۆربەی سێناتۆرە کۆماریخوازاەکان کە ئێستا زۆربەی کۆنگرەیان بەدەستەوە گرتووە، ئوبامایان بە کەمکاری لە رووبەڕو بوونەوە لەگەڵ رێژیمی ئیسلامیی ئێران مەحکووم کردوە.