کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتی بەهۆی تەقەی هێزەکانی رێژیمی ئێران بریندارکران

19:46 - 7 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی مەریوان و مەهاباد بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بریندار کران.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچەی مەهاباد تەقەیان لە هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \'\'سەید کاوە\'\' کردووە و لە ئەنجامدا بەتوندی بریندار بووە.
تەقەی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو هاووڵاتییە کوردە رێکەوتی ٥ی سەرماوەز رووی داوە و بە وتەی شایەتحاڵان ئەو هێزانە بە ئەنقەست تەقەیان لەو هاووڵاتییە کردووە لە ئەنجامدا لەلایەن سکیەوە بە توندی بریندار بووە.
سەید کاوە پاش ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەی شاری مەهاباد راگوێزراوە.
لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی کوردپا هەواڵی بریندار بوونی هاووڵاتییەکی کوردی لە سنووری مەریوان بە ناوی \'\'محەممەد\'\' کوڕی \'\'کەریم\'\' لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە بڵاو کردووتەوە.
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان مییدا، لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرەوە هەتا ئێستا ٧ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراون و برینداربوون.