کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووەمین هاووڵاتیی یارسان كە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، گیانی لەدەست دا

18:57 - 21 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: حەسەن رەزەوی هاووڵاتیی یارسان، کە ماوەی چەند رۆژ لەمەوبەر لەبەردەم فەرمانداری شاری هەمەدان ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، گیانی لەدەست دا.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، حەسەن رەزەوەی ئەمرۆ سێ‌شەممە رێكەوتی ٢١ی جۆزەردان بەهۆی زۆری پلەی سووتانەكەی، گیانی لەدەست دا.
حەسەن رەزەوی هاورێ‌لەگەڵ نیكمەرد تاهیری لەرێكەوتی ١٤و ١٥‌ی جۆزەردان بەنیشانەی سووكاتیكردنی رێژیمی ئێران بە ئایینی یاری لەبەردەم فەرمانداری هەمەدان ئاگریان لەجەستەی خۆیان بەردا.
هەر ئەو كات نیكمەرد تاهیری گیانی لەدەست دا و حەسەن رەزەویش رەوانەی نەخۆشخانە كرا.

یەكەم جار حەسەن رەزەوی، رێكەوتی ١٤ی جۆزەردان ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو و رۆژێكیش دواتر نیكمەرد بەنیشانەی پشتیوانی لەئایینی یاری و مەحكووم كردنی كردەوەكانی رێژیم خۆی سووتاندبوو.


ئەو دوو هاووڵاتییە دوابەدوای تاشینی سمێڵی هاووڵاتییەكی یارسانی لەلایەن هێزەكانی زیندانەوە، ئاگرییان لەجەستەی خۆیان بەردابوو.
چەند رۆژ لەمەوبەر كۆمەڵێك لە چالاكانی یارسان لەبانگەوازێكدا داوایان لە خەڵكی بوێری و چاونەترسی كوردستان و بەتایبەتی ئوستانی كرماشان كردبوو كە لەهەمبەر ئەو زوڵم و ناعەداڵەتیانەی كە دەسەڵاتی سەركوتكەری ئیسلامی زیاتر لە سێ دەیەی رابردوودا كردوویانەتە سەریان بێدەنگ نەبن و كۆبوونەوەی ناڕەزایەتی وەرێ‌ بخەن.
هەر لەو پێوەندییەدا هاووڵاتیانی شارەکانی سەحنە، کرماشان و هەمەدان و چەندین شاری دیکە رێکەوتی ١٩ی جۆزەردان لەبەر دەم ئوستانداری كرماشان کۆبوونەوە و پشتیوانی خۆیان لە خەڵكی یارسان دەربڕی.
هەر ئێوارەی رۆژی یەكشەممە مەیسەم حەیدەری و رەسووڵ كەرەمی دوو هاوولاتیی کرماشانی لەماڵەكەی خۆیاندا، لەلایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر كران.