کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژایەتیی خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری مەریوان لەگەڵ راوی ئاژەڵان

19:16 - 29 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: ژینگەپارێزانی کورد لە مەریوان بە هەڵواسینی بەنێری ئەنجومەنی سەوزی چیا، لە هەوڵی پێشگیریی راوی لە رادەبەدەر لە وەرزی سەرما و سەهۆڵبەندان دان.
ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بڵاوی کردەوە، لە ژمارەیەک لە گوندەکانی دەوروبەری رزێبار و باقی ناوچەکانی دیکە، خەڵک بە شێوەیەکی خۆڕسک و لە هەندێ حاڵەتیشدا بە هاوکاریی دێهیارییەکان، بە سەردانکردن لە دەفتەری ئەنجومەنی سەوزی چیا، داوای فایلی پووستێری تایبەتیی دژەڕاوی ئەو ئەنجومەنەیان کردووە.
ئەو هاووڵاتییانە رایانگەیاندووە، دەیانهەوێ بە چاپکردنی بەنێری ئەو پووستێرە و هەڵواسینیان لە شوێنە گشتییەکان، راوچیان لە ئاکامی خراپی راوکردنی و زیان گەیاندن بە سروشت ئاگادا بکەنەوە.
ئەو بەنێرانە لە سایزی ٥.٢ لە ٥.٣ میتر بە دروشمی \'\'ساتی رابواردنی راوچی، نیشتمانێک بۆ تا هەتایە بریندار بکات\'\' لە شوێنە گشتییەکانی گوندەکانی یەنگیجە، دەرەتفێ، کانی سانان، نێ و چۆر، لەلایەن ژینگەپارێزانەوە هەڵواسراوە.
چەند رۆژ پێش ئێستا ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، پووستێرێکی لە ژێر دروشمی \'\'نەهێڵین\'\' لەمەڕ وشیارکردنەوەی خەڵک بۆ پێشگیری و بەرەنگاری لەگەڵ راو لە کوردستان، چاپ و بڵاو کردەوە.