کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی شاری تاران بەتەواوەتی ئەمنیەتی كراوە

15:32 - 1 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: دوای راگەیاندنی ناوی پاڵێوراوانی پۆستی سەركۆماری رێژیمی ئێران و رەتی سەلاحییەتی رەفسەنجانی و مەشایی دۆخی شاری تاران ئەمنیەتی كراوە.

ماڵپەڕی جەرەس بڵاوی كردەوە، لەبەشێك لەشەقام و كۆڵانەكانی شاری تاران هێزی دژە شۆڕش جێگیر كراوە و ماشێنەكانی هێزی ئینتزامیی بەبەردەوامی لەناو شەقام و كۆڵانەكاندا سەرقاڵی گەشت لێدانن.
سەرچاوەكە ئەوەشی خستۆتە روو، لەبەشێك لەگەڕەكە گەورەكانی شاری تاران هێڵی ئینترنێت پچڕاوە و هاووڵاتیان هیچ پێوەندییەكیان بە یەكترەوە نەماوە و شاری تاران حاڵەتی پادگانی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەو ئەمنیەتی كردنی شاری تاران دوای ئەوە دێت كە ئێوارەی رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ٣١ی بانەمەڕ، وەزارەتی ناوخۆی رێژیمی ئێران ناوی تەئید سەلاحیەتەكانی پۆستی سەركۆماری رێژیمی راگەیاند و ناوی عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی و ئیسفەندیار رەحیم مەشایی لەناو لیستی تەئید سەلاحیەتەكاندا نەبوو.

هەر لەو پێوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە پەرچەكردار بە لیستی تەئید سەلاحیەتەكان رایگەیاندووە، ئەو كەسانەی كە تەئیدی سەلاحییەت كراون هەوڵەكانیان زیاتر لەبەرژەوەندی نیزام دایە نە خەڵكی.
زیاتر لە ٦٥٠كەس لەئێران ناوی خۆیان بۆ پۆستی سەركۆماری لەوەزارەتی ناوخۆ تۆمار كردبوو و لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە 8 كەس لەلایەن شۆرای نیگابان و خامنەیەوە تەئیدی سەلاحییەت كراون.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە هۆكاری رەتی سەلاحیەتی رەفسەنجانی و مەشایی لەلایەن شۆرای نیگابانەوە رانەگەیندراوە.

لەلایەکی دیکەوە سایتی آفتاب بڵاوی کردۆتەوە، هێزە ئەمنیەتییەکان ژمارەیەک لەئەندامانی ستادی رەفسەنجانیان دەسبەسەر و ستادەکەشیان داخستووە.