کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی شپرز و ئاڵۆزی ئابووری ئێران لەروانگەی ناوەندە نێودەوڵەتییەكانەوە

23:27 - 19 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: سەندووقی نێودەوڵەتی پووڵ و بانكی جیهانی، گەشەی ئابووری رێژیمی ئێرانیان لەساڵی ٢٠١٢دا بە نەرێنی لەقەڵەم داوە و رایانگەیاندووە، ئابووری ئەو وڵاتە هیچ گەشەیەكی بە خۆیەوە نەبینیوە.

سەندووقی نێودەوڵەتی پووڵ و بانكی جیهانی رایانگەیاندووە، وڵاتی ئێران لەنێو ١٨٥ وڵاتی دونیادا لەپێوەندیی نەبوونی هەلی كار پلەی ١٤٥ەمینی هەیە.
ئەو دوو ناوەندە ئەوەشیان خستۆتە روو، بانكی ناوەندی رێژیمی ئێران لەبڵاو كردنەوەی ئاماری گەشەی ئابووری هەتا ئێستا خۆی بواردووە و ئەوە لەحاڵێكدایە گەشی ئابووری ئێران لەساڵی ٢٠١٢دا ژێر سفر بووە.

هەر لەو پێوەندییەدا پێشتر سایتی خەبەر ئانلاین بڵاوی كردبۆوە، ئابووری ئێران لەساڵی ١٣٩١دا گەشەی ٣% ژێر سفری بووە.

ئەمانە لەحاڵێك دان كە خامنەیی رێبەری رێژیمی ئێران ساڵی ١٣٩١‌ی بە پشتیوانی لە بەرهەمهێنان و كار و سەرمایەی میللیی ناودێڕ كردبوو.
لەو ساڵەی كە تێپەڕی گرانیی و هەڵاوسان وای كرد كە توانای كرینی شتومەك لەلایەن هاووڵاتییانە بگاتە نزمترین ئاستی خۆی و سفرەكانی خەڵكی رۆژ لەگەڵ رۆژ بەرەو چكۆلە بوون رویشتن.

لە ساڵی ١٣٩١دا بانكی ناوەندی و دەوڵەت بەتایبەت پاش جێبەجێ‌كردنی گەمارۆكان لەلایەن كۆمەڵگای جیهانییەوە، تووشی كێشە و ئاریشە بوون، چونكە هەم فرۆشی نەوت كە سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی ارزی رێژیمی ئێرانە كێشەی بۆ هاتۆتە پێش و هەمیش گواستنەوەی پارەی فرۆشی نەوت بۆ ناوخۆی وڵات ئەستەم و بەرتەسك كراوەتەوە.