کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی نالەبار و ناستانداردی قوتابخانەكان/ زیاتر لە ٥٠ هەزار قوتابخانە لەئێران ئەگەری دارووخانیان هەیە

15:41 - 4 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەئێران زیاتر لە ٥٠ هەزار قوتابخانە بە هۆی كۆن بوونی بیناكانیان ئەگەری دارووخانیان لەسەرە و ناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیم لەو بارەیەوە وەڵامدەر نین.

بەرپرسی رێكخراوی نوژەن كردنەوەی قوتابخانەكان وێڕای پشت راست كردنەوەی ئەو هەواڵە وتوویەتی: نەبوونی بودجەی پێویست لەهۆكاری سەرەكیی نوژەن نەكردنەوەی ئەو بینایانە دێتە ئەژمار.
هەر لەو پێوەندییەدا ماڵپەڕی دانشجونیوز بڵاوی كردۆتەوە، بێجگە لەو ٥٠ هەزار قوتابخانەیە زیاتر لە سەد و پەنجا هەزاریش پۆلی وانەوتنەوە لە ئێران مەترسیی دارووخانیان لەسەرە.
لەلایەكی دیكەوە سەرەڕای ئەو هەموو داهاتەی نەوتی ئێران، نزیك بە ١٥٠هەزار پۆلی وانە وتنەوەش لە بوونی سیستمی گەرما بێبەرین.

قوتابخانەكانی كوردستانی رۆژهەڵاتیش لەو بێ‌ئیمكاناتییە بێبەری نەبوون و هەموو ساڵێك لێپرسراونی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بەمەبەستی وەرگرتنی پارە بۆ دابین كردنی سووتەمەنی زەخت و گوشار دەخەنە سەر قوتابیان.
ئەو وەرگرتنی پارەیە قوتابخانەی شارەكانی بۆكان، سنە، مەریوان، ورمێ‌و چەندین شاری دیكەی كوردستانی گرتۆتەوە.
لەلایەكی دیكەوە بەپێی ئامارەكانی خودی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، زیاتر لە ١٤١ هەزار منداڵ بە هۆی نەبوونی ئیمكاناتی پێویست لەخوێندن بێبەری یان بە جێ‌ماون.
ئەو منداڵانە تەمەنیان لە نێوان ٦ هەتا ١١ ساڵ بووە.
ئەمانە لەحاڵێكدایە كە ناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیمی ئێران بەبەردەوامی بانگەشی فێر بوونی زانست و زانیاری لەئێران دەكەن، بەڵام بەوتەی كۆمەڵناسان و پسپۆڕان ئەو قسانە تەنیا پڕوپاگەندەن.