کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی نالەباری نەخۆشخانەی شاری مەهاباد هەڕەشە لە تەندروستیی هاووڵاتییان دەکات

20:32 - 29 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: نەخۆشخانەی شاری مەهاباد بووەتە ژینگەی گیانلەبەر و دەعبای جۆراوجۆر و پیسی و چەپەڵ بوونی ئەو نەخۆشخانەیە هەڕەشە لە تەندروستیی نەخۆشەکان و کارمەندان دەکات.


بەپێی هەوڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بچووکی ژوورەکان، تاری جاڵجاڵووکە، ناستانداریی بینای نەخۆشخانەی شار مەهاباد و ناتەندروستی و پیس بوونی هۆڵ و ژوورەکان و بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەو نەخۆشانەیە هەڕەشە لە تەندروستیی هاووڵاتییانی ئەو شارە دەکات.
هاووڵاتییەکی شاری مەهاباد لەو پێوەندییەدا بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ژووری گچکە و ناستاندارد بۆ نەخۆشەکان تەرخان کراوە و ئەگەر بەپێی پێوەر بێت هەر ژوورێک جێگای یەک تەختیش نابێتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو نەخۆشخانەیە لە هەر ژوورێک چوار تەختیان ئاخنیوە کە دبێتە هۆی ناڕەحەتی و ئازاری نەخۆشەکان.
ئەو ژوورانەی نەخۆشخانەی شاری مەهاباد بە رادەیەک گچکەن کە جێگای یەک نەخۆش و پەرستارێک و هامڕایەکی نەخۆش نابێتەوە، لە حاڵێکدا لە هەر ژوورێکی ئەو نەخۆشخانەیە ٤ تەخت بوونی هەیە.
هاوڵاتییانی ئەو شارە گلەییان لە سیستەمی گەرمکەرەوەی ئەو نەخۆشخانەیەش هەیە. لە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد کۆمەڵێک شۆڤاژ دانراون کە هیچ گەرمایەکیان نییە و بووەتە شوێنی ژیانی گیانلەبەری جۆراوجۆری وەکوو بەرسووکە و جاڵجاڵۆکە و ئەوەش مەترسیی بۆ سەر مولاقاتکەران و باقی ئەو کەسانە بە هەر شێوەیەک سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە دەکەن، دروست کردووە.