کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ لەسەدا ١٥ی خەڵکی ئێران نەخوێندەوارن

15:18 - 7 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: پارێزگاکانی کوردستانی ئێران زیاترین رێژەی نەخوێندەوارییان لە کۆی گشتیی ١٠ میلیۆن نەخوێندەواری ئێران لەخۆ گرتووە.
بەرپرسی رێکخراوی \'\'نهضت سوادآموزی\'\' وێڕای ئاماژە بە نەخوێندەواریی نزیک بە ١٠ میلیۆن لە حەشیمەتی ٦٧ میلیۆنیی سەرووی ٦ ساڵ، وتی: پێگەی ئێران لە دونیادا بە سەرنجدان بە میکانیزم و شێوازەکانی نەخوێندەواربوون، پێگەیەکی لەبار نییە و بەگوێرەی راگەیەنراوی یونیسکۆ، ئێران لە باری خوێندەوارییەوە پلەی ٨٦ی لە ١٦٨ وڵاتی جیهاندا هەیە.
لە دوایین سەرژمێریی ئێران لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، لە کۆی گشتیی ٦٧ میلیۆن و ٦٨١ هەزار لە حەشیمەتی سەرووی ٦ ساڵی ئێران، ٩ میلیۆن ٧١٩ هەزار کەس خۆیان بە نەخوێندەوار لە قەڵەم داوە و ٦٠٠ هەزار کەسیش بارودۆخی خوێندەوارییان ناڕوونە.
لە گرووپی تەمەنیی ١٠ هەتا ٤٩ ساڵیشدا کە ٥٠ میلیۆن و ٨٤٥ هەزار کەس لە حەشیمەتی ئێران لە خۆ دەگرێت، ٣ میلیۆن و ٤٥٦ هەزار کەس نەخوێندەوارن و هەروەها دۆخی خوێندەواریی ٣٨١ هەزار کەسیش ناڕوونە.
لە گرووپی تەمەنیی ١٠ هەتا ٤٩ ساڵدا، یەک میلیۆن و ٦٠٠ هەزار نەخوێندەوار لە گوندەکان و یەک میلیۆن و ٨٠٠ هەزار نەخوێندەواری دیکەش لە شارەکان دان و هەروەها یەک میلیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس لەو نەخوێندەوارانە لە رەگەزی پیاو و ٢ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار نەخوێندەواریش لە رەگەزی ژنان دان.
بە گوێرەی راگەیەنراوی ناوەندی ئاماری نەخوێندەواری، \'\'نەخوێندەوار کەسێکە کە توانانی خوێندنەوە و نووسین و ژمارە کردنی نییە\'\'.
لە ئێراندا پارێزگاکانی کوردستانی رۆژهەڵات زیاترین پشکی نەخوێندەوارییان بەرکەوتووە و ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە رێژیمی ئێران و بەرپرسانی ئامووزشیی رێژیم هیچ گرینگییەک بە پرسی خوێندن لە کوردستاندا نادەن.
رێژیمی ئێران لە رێگای جۆراوجۆرە وەکوو وەرگرتنی پارە لە قوتابییان، دروست کردنی ئاستەنگی سیاسی و ئەمنیەتی بۆ قوتابییان و خوێندکاران، گران بوونی پێداویستییەکانی خوێندن و دابین نەکردنی پێداویستیی قوتابخانەکان، هەوڵ بۆ نەخوێندەوارکردنی خەڵک دەدات هەتا بەم شێوەیە سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بەبێ ئاستەنگ بەڕێوەبەرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە، وتوویەتی: لەسەدا ١٠ی خەڵکی پارێزگای سنە نەخوێندەوارن و ئەمەش پارێزگای سنەی کردووەتە یەکێک لە نەخوێندەوارترین پارێزگاکانی ئێران.
لە پارێزگای ئیلامیش ٢٨ هەزار و ٥٢٨ نەخوێندەوار بوونی هەیە کە زیاتر لە ٨٩%ی ئەو رێژەیە ژنانی ئەو پارێزگایە پێکی دەهێنن. ئەو ئامارە لە پارێزگای کرماشان زۆر زیاترە و بەوتەی جێگری بەڕێوەبەری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی کرماشان، زیاتر لە ١٠٨ هەزار کەس نەخوێندەوار لەو پارێزگایەدا بوونی هەیە.
بەگوێرەی دوایین سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، زیاتر لە ١٠٤ هەزار هاووڵاتیی کرماشانی لە تەمەنی نێوان ١٠ هەتا ٤٩ ساڵ و ٤ هەزار و ٢٥٦ نەخوێندەواری دیکەش لە تەمەنی نێوان ٦ هەتا ٩ ساڵ دان.
لە ئورمیە وەکوو یەکێکی دیکە لە پارێزگاکانی کوردستان، رێژەیەکی زۆری نەخوێندەوار بوونی هەیە. لەو پێوەندییەدا بەڕێوەبەری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئورمیە رایگەیاندووە: ١٨٨ هەزار و ١٢٨ نەخوێندەوار لەو پارێزگایەدا بوونی هەیە کە ٨٥ هەزار نەخوێندەوار لە گوندەکان و ١٠٢ هەزاری دیکەش لە شارەکانی پارێزگای ئورمیەدا نیشتەجێن.

راپۆرت/ رامان نەسری