کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ لەمانگی جۆزەرداندا ١٢ كرێكاری كورد بە هۆی رووداوی كارەوە بوونەتە قوربانی

22:10 - 31 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: بەپێی دوایین ئامارەكان ژمارەی كرێكارانی گیان لەدەست داو و بریندار، بەهۆی رووداوی كار و نەبوونی ئیمەنی و نەبوونی كەلوپەلی ستاندارد، لەمانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا، ١٢ كەسە.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری سایتەكە، لەمانگی جۆزەرداندا رێژەی قوربانیانی رووداوی كار چوونە سەری بەخۆیەوە بینیوە و لەمانگەدا ٧ كرێكاری كورد گیانیان لەدەست داوە و ٤ی دیكەش بریندار بوونە.
رێكەوتی ٣ی جۆزەردان فەرەیدون شابازی تەمەن ٢٣ساڵ و خێزاندار، كرێكاری كوردی كارخانەی چەرم سازی قورق لەكاتی كار كردندا تووشی بەرق گرتوویی بوو و لەنەخۆشخانی تەوحیدی شاری سنە گیانی لەدەست دا.
یەك رۆژ دوای ئەو رووداوە كرێكارێكی دیكەی كورد خەڵكی ئاوایی قورقی سەر بە بەخشی مووچش لەكامیاران، لە كارخانەیەک سەرقاڵی كرێكاری بوو و ئەویش بە هۆی بەرق گرتوویەوە گیانی لەدەست دا.

ئەو رووداوە بەهۆی ئیمەنیی نەبوونی شوێنی كارەكە و کەمتر خەمییەكانی لێپرسراوان و خاوەن كارەكانەوە رووی دابوو.
لەدرێژەی قوربانیانی كاردا كرێكارێكی دیكەی كورد بەناوی بەختیار شاوەیسی خەڵكی شاری پاوە گیانی لەدەست دا و دووی دیكەش بەتوندی بریندار بوون.
لەلایەكی دیكەوە لەیەكێك لەئاواییەكانی شارستانی پیرانشار، سێ‌كرێكار بە هۆی پچڕانی تەسمەی كوورەخانەوە بوون بە قوربانی.
لەو رووداوەدا ئەبووبكر رەحمانی گیانی لەدەست دا و دوو كرێكاری دیكەش بەناوەكانی مەسعوود مورادی و عەلی مورادوەیسی بەتوندی بریندار بوون.
رێكەوتی ١٥ی جۆزەردانیش كرێكارێكی دیكەی كورد بەناوی موزەفەر بكری لەكاتی كار كردن لەشاری پاوەدا گیانی لەدەست دا. ئەو كرێكارە بە هۆی كاری زۆرەوە تووشی بێهۆشی ببوو و لەبەرزاییەوە كەوتبووە خوارێ‌.

هەر لەو پێوەندییەدا قوتابییەكی دیكەی كورد بەناوی سیروان ئەحمەدی كە سەرقاڵی كرێكاری لەیەكێك لەبیناكانی شاری سنە دا بوو، لەبەرزاییەوە كەوتبووە و خوارێ‌و گیانی لەدەست دا.
هەروەها نادر ئەلماسی كرێكارێكی دیكەی كورد بوو كە بە هۆی وەرگەڕانی لۆدێرەكەی لەكارخانەی خیزی بەنداوای گاڕانی مەریوان بووە قوربانی و گیانی لەدەست دا.
هەر بەپێی ئەو راپۆرتە ٤ كرێكاری دیكەش لەشاری پاوە بە هۆی رووداوی كارەوە بوونەتە قوربانی و بەو پێیە پاوە زۆرترین رێژەی قوربانیانی كاری لەمانگی جۆزەرداندا لەچاو شارەكانی دیكەی كوردستان هەبووە.
دوای پاوە، شاری پیرانشار بە سێ‌قوربانی پلەی دووهەمی لەچاو شارەكانی دیكە لەپێوەندیی قوربانیانی رووداوی كار هەیە.
رووداوی كار لەئێران بە هۆی كەمتر خەمی خاوەن پڕۆژە و كارخانەكان، نەبوونی ئیمەنی كار، نەبوونی كەلوپەلی ستاندارد، بە بەردەوامی قوربانی گرتووە و ئەمساڵ لەچاو ساڵی پێشوو رێژەی قوربانیانی كار لە كوردستان رووی لەزیاد بوون كردووە.