کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ لەماوەی دوو مانگدا ٢٢ چالاكی فەرهەنگی و سیاسی كوردستانی رۆژهەڵات دەسبەسەر كراون

23:52 - 31 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەماوەی دوو مانگی خاكەلێوە و بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢‌ی هەتاوی، ٢٢ چالاكی سیاسیی و فەرهەنگی كورد لەكوردستانی رۆژهەڵات لەلایەن هێزەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر كراون.

ژمارەیەك لەو چالاكانە لەپێوەندیی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی نەورۆز دەسبەسەر كراون و ژمارەیەكی دیكەش بە تۆمەتی ئەمنیەتی و هاوكاری لەگەڵ حیزبە سیاسیەكان دەسبەسەر كراون و لەلایەكی دیكەشەوە ژمارەیەك لەچالاكانی كرێكاریش بە تاوانی بەڕێوە بردنی رۆژی جیهانی كریكار قۆڵبەست كراون و لەو راپۆرتەدا تەنیا ئاماژە بە ژمارەی دەسبەسەركراوەكان بەگشتیی كراوە.
بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەمانگی خاكەلێوەدا ٩ كەس لەچالاكانی سیاسی و فەرهەنگی كورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە لەشارە جۆراوجۆرەكانی كوردستان دەسبەسەر كراون.
ناوەندە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێران ئەو هاووڵاتیانەی بە تۆمەتی ئەمنیەتی، چالاكی سایبری و پڕۆپاگەندە بۆ سەلەفیەت دەسبەسەر كردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا زۆرترین رێژەی دەسبەسەركراوەكان لەناو شارەكانی كوردستاندا، پێوەندیی بەشاری دێگولانەوە هەیە، بەچەشنێك كە لەكۆی گشتی دەسبەسەركراوەكانی مانگی خاكەلێوە سێ‌كەسیان خەڵكی ئەو شارەن.
زۆربەی دەسبەسەركراوەكانی مانگی خاكەلێوە تۆمەتی ئەمنیەتی و هاوكاری حیزبە سیاسییەكانیان دراوەتە پاڵ.
لەمانگی بانەمەڕیشدا ژمارەیەكی دیكە لەچالاكانی سیاسی و فەرهەنگی كوردستانی رۆژهەڵات دەسبەسەر كراون و رێژەی دەسبەسەركراوەكان بەبەراورد لەگەڵ مانگی خاكەلێوە، زیاترە.

لەمانگی بانەمەڕدا بێجگە لەدەسبەسەر كردنی دە كەس لەچالاكانی كرێكاری، ١٣ چالاكی فەرهەنگی و سیاسیی كوردیش لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە قۆڵبەست كراون.

شاری روانسەر و سەوڵاوا زۆرترین رێژەی دەستبەسەركردنیان لەچاو شارەكانی دیكەی كوردستان لەمانگی بانەمەڕدا بە خۆیانەوە بینیوە.

لەكۆی گشتیی ئەو ١٣چالاكە دەسبەسەركراوە، زۆرترین رێژەیان تۆمەتی ئەمنیەتیی و هاوكاری لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی كوردیان دراوەتە پاڵ.

بەپێی ئەوەی كە لەئێران و بەتایبەتی لەكوردستانی رۆژهەڵات هیچ دەرەتانێك بۆ كاری رۆژنامەوانی ئازاد نیە و رێژەی دەسبەسەركراوەكان لە سەرچاوە و كاناڵە هەواڵییەكان كۆ كراونەتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە رێژەی دەسبەسەركراوەكان لە ئاماری تۆمار كراو لەماڵپەڕی كوردستان میدیا ، زیاتر بێت.