کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ لەماوەی سێ‌حەفتەدا ٤كەس لەچالاكانی خوێندكاری و مەدەنیی كورد بە ناچاری ئێرانیان بەجێ‌هێشتووە

22:25 - 28 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: لەماوەی بیست رۆژدا چالاكێکی خوێندكاریی و مامۆستایەکی زانكۆ و هەروەها ٢كەسیش لەئەندامانی بنەماڵەی چالاكێكی سیاسی بە هۆی زەخت و گوشارەكانی ناوەندە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێرانەوە زێدی خۆیان بەجێ‌هێشتووە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لە رێكەوتی ٦ی خاكەلێوەوە هەتا ٢٦ی ئەو مانگە، مامۆستایەكی زانكۆی شاری مەهاباد، چالاكێكی خوێندكاریی زانكۆی ورمێ‌ و دوو کەس لەئەندامانی بنەماڵەی چالاكێكی سیاسیی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمەوە ناچار كراون كە زێدی خۆیان بەجێ‌بێڵن و پەرتەوازەی هەندەران ببن.
رێكەوتی ٦ی خاكەلێوە جیهان كەرەمی مامۆستای زانكۆ و خەڵكی شاری مەهاباد بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەناچاری زێدی و نیشتمانەكەی بەجێهێشت و لەیەكێك لەوڵاتانی دراوسێ‌ئێران گیرسایەوە.
جیهان ئەڵڵاكەرەم (جیهان كەرەمی) لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە وێڕای گوشار خستنە سەری داوای لێكرابوو خۆی بەو ناوەندە ئەمنیەتییە بناسێنێ‌.
ئەو مامۆستا كوردە بڕوانەمەی كارناسیی زانستی پەروەردەی لە زانكۆی شاری مازندەران بەدەست هێنابوو و لە زانكۆی پەیام نووری مەهاباد سەرقاڵی وانە وتنەوە بوو و هاوكاتیش ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری مەهاباد بوو.
لەدرێژەی رەوتی بەجێهێشتنی ئێران لەلایەن هاووڵاتیانی كوردەوە، بەرپرسانی رێژیم لە حیراسەتی زانكۆی پەیام نووری ورمێ‌و ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارە خوێندكارێكی كوردییان ناچار بەوە كرد كە پەرتەوازەی وڵاتانی دیكە ببێت.
ئومید عەبدی خوێندكاری بواری فیزیكی هەستەیی لە زانكۆی ورمێ‌بەبەردەوامی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە خرابووە ژێر چاوەدێری و چەندین جاریش بانگهێشت و هەڕەشەی لێكرابوو و لەئەنجامدا ئەو خوێندكارە رێكەوتی ١٠ی خاكەلێوە بەناچاری ئێرانی بەجێهێشت.
بەرپرسانی حیراسەتی زانكۆی پەیام نووری ورمێ هەتا ئێستا چەندین خوێندكاری كوردی ئەو زانكۆیەیان بەهاوكاری لەگەڵ حیزبە كوردییەكانی ئوپۆزیسیۆنی رێژیمی ئێران، تۆمەتبار كردووە.
هێزە ئیتلاعاتییەكان سەرەڕای ئەوەی كە بەبەردەوامی زەخت و گوشار دەخەنە سەر هاووڵاتیان كورد و تۆمەتی ئەمنیەتییان دەدەنە پاڵ و زۆر جاریش ناچارییان دەكەن كە ئێران بەجێ‌بێڵن، بنەماڵەكانیشیان دەخەنە ژێر ئازار و ئەزێتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا رێكەوتی ٢٦ی خاكەلێوە بنەماڵەی چالاكێكی سیاسیی نیشتەجێی دەرەوەی ئێران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی رێژیم لە ورمێ ‌ناچار كران كە زێدی خۆیان بەجێ بێڵن.
پەیغام حێشمەتی ئەو چالاكە سیاسییەیە كە بنەماڵەكەی بەبەردەوامی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە گوشاریان خرابووە سەر و بانگهێشتی ئەو ناوەندەیان دەكردن.
هەر لەو پێوەندییەدا هاوسەر و كوڕی پەیغام بە ناچاری زێدی خۆیان بەجێ‌هێشتووە و پەرتەوازەی هەندەران بوون.

سەرچاوە: کوردستان میدیا
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا