کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ لەنەبوونی ئاوەوە هەتا تێكەڵ بوونی ئاوی خواردنەوە بە ئاوەڕۆ لەكوردستانی رۆژهەڵات

18:01 - 4 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: ماوەیەكە چەندین شاری كوردستان لەگەڵ كێشەی كەم ئاوی و زۆر جاریش بێ‌ئاوی بەرەوڕوون و لەم دوایانەشدا ئاوی خواردنەوەی شاری سەڵماس لەهێندی شوێنی ئەو شارە تێكەڵ بە ئاوەڕۆی شار بووە.
چەندین گەرەك و ناوچەی شارەكانی وەكوو سنە، ناوچەی هەورامان و خۆی لەگەڵ كێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوەی خاوێن بەرەوڕوون و هاووڵاتیان بۆ دابین كردنی ئاوی خواردنەوەیان بەناچاری روویان لەكرینی ئاو بە تانكێر كردووە.
هاووڵاتیانی شاری خۆی سەرەڕای بوونی بەنداوی ئاخچای لەخواردنەوەی ئاوی خاوێن و تەندروست بێبەرین و ناوەندە پێوەندیدارەكان هیچ هەوڵێكیان بۆ ئەو كێشەیە نەداوە.
چەندین ساڵە كە هاووڵاتیانی ناوچەی خۆی لەگەڵ كەمی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوون بەڵام، ئەمساڵ ئەو كەمیی ئاوە بەشێوەیەكی جیدی هەڕەشە لەهاووڵاتیان دەكات و گەیشتۆتە هێڵی سوور.

لەلایەكی دیكەوە هاووڵاتیانی شاری سەڵماس ماوەی چەند رۆژە بەدەست ئاوی پیسی خواردنەوە دەناڵێنن و لەو باوەڕەدان كە ئاوی لوولەكێشی ماڵەكان تێكەڵ بە ئاوی ئاوەڕۆ بووە.
سەرچاوە ناوچەییەكان بڵاویان كردەوە، ماوەی چەند رۆژە ئاوی خواردنەوەی بەشێك لەگەڕەكەكانی شاری سەڵماس بەتەواوەتی لێڵ بووە و هێندێ‌جاریش ئەشغاڵ و شتی وردی سپی رەنگ لەناو ئاوەكەدا هەیە.
لە پێوەندیی كەم ئاوییدا دانیشتوانی ئاوایی دگاگا لەناوچەی هەورامان و شارەكی نایسەر لە شاری سنە لە نەبوونی ئاو بێبەری نەبوون و ئەوە بۆتە قەیرانێكی جیدی بۆ دانیشتوانی ئەو شوێنانە.
دانیشتوانی ئاوایی دگاگا لەگەڵ كەمی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوون و وەرزێرەكانی ئەو گوندەش بەدەست كەمی ئاو بەمەبەستی ئاودانی مووچە و مەزراكانیان، وەزاڵە هاتوون.
ئاوایی دگاگا ٣٥٠بنەماڵەی لەخۆ گرتووە و لەنێوان شاری سنە و مەریوان هەڵكەوتووە.

هەر لەو پێوەندییەدا دانیشتوانی شارەكی نایسەر لەشاری سنەش بەدەست نەبوونی ئاوی خواردنەوە ناڕەزایەتیان هەبووە و بەناچاری روویان كردۆتە كڕینی ئاو.