کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ ژنان و هەڵبژاردنەكانی سەركۆماریی لەئێران

23:23 - 19 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: لەسەرەتای هاتنە سەركاری رێژیمی ئیسلامیی ئێران، ژنان بەبەردەوامی جیاوازی و زۆڵمیان لەسەر بەڕێوە چووە و ئەو رێژیمە بەشێوەی جۆراوجۆر، ژنانی لەبەشداریی كردن لەبەڕێوەبردنی كاروباری كۆمەڵگە بێبەری كردووە.
لەحاڵێكدا خولی یازدەهەمی هەڵبژاردنەكانی سەركۆماریی لەئێران بەڕێوە دەچێت كە نێوەی كۆمەڵگە واتە ژنان بە كردەوە لەكاندیدا بوون لەو هەڵبژاردنانە بێبەری كراون. جێگای سەرنج لێرەدایە كە لەو هەڵبژاردنانەدا ژنان دەبێ‌دەنگ بە پاڵێوراوەکان بدەن، بەڵام لەوەی كە بۆ خۆیان بەربژێر بكرێن بێبەشن.
رێژیمی ئێران لەهەر خولێك لەهەڵبژاردنەكانی سەركۆماریی بۆ ئەوەی كە وا نیشان بدات، ژنانیش مافی ئەوەیان هەیە كاندیدی پۆستی سەركۆماریی بن، ئیزنی داوە كە ناویان بۆ ئەو پۆستە تۆمار بكەن، بەڵام دواتر لەفیلتەرێك بەناوی شۆرای نیگابان (چاوەدێری) دەدتێن و تەئید سەلاحییەت ناكرێن.
لەزۆربەی خولەكاندا ژنان لەگەڵ ئەو سیناریۆیە بەرەوروو بوونەتەوە و دەتوانین لەو پێوەندییەدا ئاماژە بە ساڵی 1380 بكەین كە زیاتر لە 47 ژن ناوی خۆیان تۆمار كرد بەڵام دواتر هەموویان رەت كرانەوە و دواتریش لەخولی یازدەهەمدا ئەو سیناریۆیە دووپات کرایەوە.
ئێستاكە پرسیارەكە لێرەدایە كە ئامانجی رێژیمی ئێران لەو كارە چیە؟ ئاخۆ بەراستی دەیهەوێ‌ئەو ژنانە پۆستی سەركۆماریی بەدەستەوە بگرن یان تەنیا شانۆیەكی تەبلیغاتییە؟.
یەكێك لەپرسە گرینگەكانی بەشداریی ژنان لەهەڵبژاردنەكاندا دەگەرێتەوە بۆ رجلی سیاسیی، كە لەیاسای بنەڕەتیدا وەكوو یەكێك لەمەرجە سەرەكییەكان بۆ پاڵێوراوان دیاری كراوە.
هەر لەو پێوەندییەدا وتەبێژی شۆرای چاوەدێری رایگەیاندبوو، شۆرای نیگابان هیچ كاتێك رجل سیاسیی بۆیان گرینگ نەبووە و تەنیا راگەیەنەكانن كە ئەو پڕوپاگەندانە دەكەن.
ئەمە لەحالێكدایە كە بەپێی ئەسلی 115‌ی یاسای بنەڕەتی رێژیمی ئێران، سەركۆمار دەبێ‌لەنێوان رجلسیاسیی و دینی هەڵبژێردرێ‌و وشەی رجل بەواتەی پیاوە.
ئەمڕۆكە ژنان لەزۆربەی پۆستە باڵاكانی ئێران وەكوو، سەركۆماریی، نوێنەرایەتی و قەزایی بێبەری كراون و هەنووكەش لەبەرەبەری هەڵبژاردنەكانی سەركۆماریدا دەیانهەوێ‌بەهەر لەونێك كە بووە بەدانی بەڵێنی، سەرنجی ژنان بۆ لای خۆیان رابكێشن و ئەوان ببەنە سەر سەندووقەكانی دەنگدان.
دوای تێپەڕ بوونی زیاتر لەسی ساڵ لەتەمەنی كۆماری ئیسلامیی دەركەوتووە، كە تەنیا لەماوەی هەڵبژاردنەكاندا ژنان دەكەونە بەر چاوی دەسەڵاتدارانی رێژیمی ئێران و دوای هەڵبژاردنەكان دەكەونە پەراوێزەوە.
لەروانگەی لێپرسراوانی رێژیمی ئێرانەوە و لەسەرووی هەموویانەوە رێبەری ئێران، پرسی ژن وەكوو ماڵداری، دایك و ئاشپەز بۆیان گرینگە و زۆر بەرچاوە.
پەرە گرتن و چوونە سەری رێژەی توندوتیژییەكانی وەكوو اسید پاشی و دەستدرێژی بەكۆمەڵ بۆ سەر ژنان و كچان لەلایەكەوە و دروست كردنی ئاستەنگ و كۆنترۆڵ كردنی چالاكییەكانی ژنان لەبواری سیاسیی و كۆمەڵایەتییەوە و هەروەها مەسەلەی تەلاق، میرات، ژن نیوەی پیاوە، جیاكردنەوەی جنسیەتی، بێبەری بوون لەهێندێ‌رشتەی زانكۆ و ... هتد، لەلایەكی‌ترەوە، لەو شتانەن كە بەدژی ژنان لەكۆماری ئیسلامیدا بەڕێوە دەچێت.

5052.jpg


ژنان لەهەڵبژاردنەكاندا وەكوو كەرەسەیەكی تەبلیغاتی كەڵكیان لێ‌وەردەگیرێت


رێژیمی ئێران هەر لەسەرەتای هاتنە سەركارییەوە روانینێكی كەرەسەیانەی بەنیسبەت ژنانەوە هەبووە و بەڵێنییەكانیان تەنیا بۆ بردنە پێشی سیاسیەتەكانی خۆیان بووە و لەبەرژەوەندی ژناندا نەبووە.
خومەینی رێبەری پێشووی ئێران نەتەنیا هیچ باوەڕێكی بەبەشداری ژنان لەبەڕێوەبردنی كاروباری كۆمەڵگەدا نەبوو، بەڵكوو لەهەوڵی ئەوەدا بوو لە دەنگدانیش بێبەرییان بكات و لە زۆرشتی دیكەش بێبەشیان بكات، بەڵام بۆ ئەوەی كە رەوایی بە نیزامەكەی بدات لەمافی دەنگدان بێبەری نەكردن.
ئەگەر چی ژنان بەبەردەوامی لەژێر چاوەدێری توندی ئەمنیەتیی رێژیم دابوونە و گەشتی ئیرشاد تایبەت بۆ كۆنترۆڵ كردنی شێوازی جلوبەرگی ئەوان دانراوە، بەڵام لەبەرەبەری هەڵبژاردنەكاندا هیچ كارێكیان پێیان نیە و تەنانەت راستەوخۆ لەكۆبوونەوەكان بەشدارییان پێ‌دەكەن و گوێ‌لەقسەكانیان دەگرن.
خاڵی جیگای سەرنجی ئەو پرسە لێرەدایە كە ژنان لەئێران لەچوون بۆ یاریگاكان(بەشێوەی تێكەڵاو لەگەڵ پیاوان) بێبەری كراون، بەڵام كاتێك كە پێویستسان بەو توێژە لەكۆمەڵگە هەیە رێگایان پێ‌دەدەن بەدڵی خۆیان هەڵسوكەوت بكەن و لەیاریگاكاندا بەشداریی كۆبوونەوەكانی پاڵێوراوان بكەن.
ئەوەی كە لەكۆتاییدا دەتوانین بیڵێن و ئاشكراشە، ئەو جۆرە روانینانە بۆ سەر ژنان، روانینكی بەكەم گرتنی ژنان بووە و بەشێوەیەكی‌تر شكاندنی كەرامەتی ژنە و ژنانی ئێران دەبێ‌زۆر چاوكراوەتر و نەترسانەتر رێگا نەدەن كە ببنە كەرەسەی دەستی دەسەڵاتدارانی رێژیمی ئێران و پیلانەكانیان بكەنە بڵقی سەر ئاو.