کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی تازەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەڵەتی لەپێوەندیی پێشێڵ كردنی مافی مرۆڤ لەئێران

23:24 - 2 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەدوایین راپۆرتی خۆیدا، وێڕای رەخنە لەرێژیمی ئێران لەپێوەندیی رێژەی زۆری ئیعدام و دەسبەسەركردنەكان، جەختی لەوەش كردۆتەوە كە ئێران لە گوشار خستەنە سەر چالاكانی مەزهەبی و ئازادی بەیان بەردەوامە.

لەو راپۆرتەدا كە رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ٢‌ی جۆزەردان بڵاو كراوەتەوە، هاتووە، لەماوەی یەك ساڵی رابردوودا ٣١٤ كەس لەئێران ئیعدام كراون و ئەمە لەحاڵێكدایە كە هێندێ‌سەرچاوەی نافەرمیش باسیان لەوە كردووە كە بێجگە لەو ئیعدام كراوانە، ٢٣٠ كەسی دیكەش بەشێوەی نهێنی ئیعدام كراون.

لەراپۆرتەكەی لێبوردنی نێودەڵەتیدا ئاماژە بەوە كراوە كە رێژەی دروستی ئیعدامەكان لەماوەی یەك ساڵی رابردوو لەئێران ٦٠٠ حاڵەت بووە.

بەوتەی ئەو رێكخراوە مافی مرۆییە، لەكۆی گشتیی ئیعدام كراوەكان لانی كەم ٦٣حاڵەتی لەشوێنە گشتییەكان و لەبەر چاوی گشتیی بەڕێوە چووە و لە راپۆرتەكەدا هاتووە، هەر چەندە هیچ حاڵەتێكی بەردە باران لەئێران تۆمار نەكراوە، بەڵام لانی كەم ١٠كەس لەئێران چاوەڕوانی حوكمی بەڕێوە چوونی بەردبارانن.

ئەو ئیعدامانە لەحاڵێكدایە كە سادق لاریجانی لێپرسراوی دەزگای قەزایی رێژیمی ئیسلامیی ئێران راگەیاندووە،ئێران زۆر حەزی لەئێعدام كردن نیە و لەو ساڵانەی دواییدا ئیعداممان بەشێوەیەكی بەرچاو كەم كردۆتەوە.
لەراپۆرتەكەدا باس لەگوشار خستنە سەر چالاكانی مەزهەبیش كراوە و لەماوەی یەك ساڵدا زیاتر لە ٣٠ چالاكی مەزهەبی لەئێران دەسبەسەر كراون.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دۆخی مافی مرۆڤی لە ١٥٩وڵاتی جیهان تاوتوێ‌كردووە و ئێران خراپترین دۆخی لەپێوەندیی ئازادی بیرورا و مافی مرۆڤدا هەیە.