کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتێك لەسەر دۆخی شاری مەریوان لەبەرەبەری هەڵبژاردنەكاندا

23:27 - 22 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: پاڵێوراوانی سەركۆماریی و شۆراكان لەگەڵ پێشوازی ساردی خەڵكی شاری مەریوان بەرەوروو بوونەتەوە و هەروەها دۆخێكی ئەمنیەتی بەسەر شاری مەریواندا زاڵە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، پاڵێوراوانی پۆستی سەركۆماریی و شۆرای شار و گوندەكان سەرەڕای سەرف كردنی پارەیەكی زۆر بۆ پڕوپاگەندەیان، لەگەڵ پێشوازی ساردی خەڵكی بەرەوروو بوونەتەوە.
هاووڵاتییەكی ئەو شارە بەماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، لەبنكە تەبلیغاتییەكانی ئەو شارە كەسێكی ئەوتۆ نابیندرێ‌و تەنیا خزم و كەسەكانی پاڵێوراوان سەردانی ئەو بنكانە دەكەن.
لەلایەكی دیكەوە دۆخێكی ئەمنیەتی بەسەر شاری مەریواندا زاڵە و هێزە ئەمنیەتی و ئینتزامییەكان بەبەردەوامی سەرقاڵی گەشت لێدانن و تەنانەت زۆر جاریش موبایلی هاووڵاتیان دەپشكنن.
پشكنینی موبایلی هاووڵاتیان زیاتر لەدەورووبەری مەیدانی نەورۆز ئەنجام دەدرێت و لەوێ‌پێش بەهاووڵاتیان دەگرن.
هەر لەبارەی شاری مەریوان هێزەكانی رێژیم بە بێ‌هیچ هۆیەك بۆ ماوەی دوو رۆژ خاڵی سنووری باشماخیان داخست.
ئەو هێزانە پێشتریش هیچ ئاگاداركردنەوەیەكیان لەمەڕ داخستنی ئەو سنوورە بە بازرگان و شۆفێر ماشێنە بارهەڵگرەكان نەدابوو و بەشێك لەمیوە و كەلوپەلی هاووڵاتیان بە هۆی داخرانی ئەو سنوورەوە لەناو چوون.
لەلایەكی دیكەوە لەشاری مەریوان بەبۆنەی بایكۆتی هەڵبژاردنەكان چالاكی تەبلیغی بەڕێوە چووە و ئەو شوێنانەی چالاكی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: مووسكی دوو، شەهرەكی كوسەر، دەورووبەریی بنزینخانەی خاوەری.