کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتێك لەسەر دۆخی شاری مەریوان لەدەسپێكی ناڕەزایەتییەكان بەدژی بڕیاری دادگا هەتا ئێستا

16:05 - 3 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: دوای تێپەڕینی زیاتر لەیەك حەفتە بەسەر بڕیاری دادگای مەریوان و بێ‌ رێزی كردن بە جێگە و پێگەی ژنی كورد، هێشتاكە دۆخی ئەو شارە ئاسایی نەبۆتەوە و هێزە ئەمنیەتییەكان سەرقاڵی گەشت لێدان بە شەقام و كۆڵانەكانی ئەو شارەدان.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندنانەی چالاكانی مەدەنیی و فەرهەنگی لە شاری مەریوان لەكاتێكدا بوو، پشتیوانی بەشێك لەچالاكانی دەرەوەی ئێرانیشی لێكەوتەوە و لەو پێوەندییەدا چەندین كەمپەین رێكخرا.
بڕیاری دادگا هاوكات بێ‌ رێزیشی بۆ سەر ژنان لێكەوتەوە

دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران لەشاری مەریوان هاووڵاتییەكی كورد (پیاو)ی ئەو شارەی بە لەبەر كردنی جلوبەرگی ژنانە وەكوو سزا حوكم داو ئەو بڕیارەش چۆبووە بواری جێبەجێ‌كردنەوە.

رێكەوتی ٢٦ خاكەلێوە هاووڵاتییەك بەناوی توفیق داباشی تەمەن ٢٥ ساڵ لەلایەن هێزە ئینتزامییەكان ولەسەر بڕیاری دادگای رێژیم لەشاری مەریوان جلوبەرگی ژنانەی لەبەر كراو و لەشوێنە گشتییەكانی ئەو شارە پیشانی خەڵكیان دا.

چالاكانی ژن لەو باوەڕەدابوون ئەو كارەی ناوەندەكانی رێژیم بێ‌رێزییە بە ژن و هەروەها كەم كردنەوەی پلە و پایەی پێكهێنەرانی نیوەی كۆمەڵگەیە.


خۆپیشاندان دژ بەو بڕیارەی دادگا


ژمارەیەكی بەرچاو لەژنانی شاری مەریوان دژ بەبڕیار و بێ‌ رێزی دادگای شاری مەریوان و ناوەندەكانی دیكەی رێژیم بەو توێژە، بە خۆپیشاندان ناڕەزایەتیان دەربڕی.

رۆژی سێ‌ شەممە رێكەوتی ٢٧ی خاكەلێوە كۆمەلێك لەژنانی شاری مەریوان بەلەبەر كردنی جلوبەرگی رەنگی سوور رژانە سەر شەقامەكان و بە هەڵگرتنی نووسراوە و پلاكارد بەرگرییان لە ماف و هەروەها بڕیاری دادگای رێژیمیان لەشاری مەریوان شەرمەزار كرد.

بەوتەی شایەتحاڵان هێزە نیزامییەكانی رێژیم بەمەبەستی سەركوتی خۆپیشاندەران بەكەرەسەی دژە شۆڕش هێرشیان كردبووە سەر ژنان و لێیان دابوون و ئەو خۆپیشاندانە هێمنانەیەی ژنان لە مەریوان بەدژی بڕیاری دادگا، لەلایەن ئەو هێزانەوە بە توندوتیژی كێشرا.
هەر لەو پێوەندییەدا رۆژی هەینی رێكەوتی ٣٠ی خاكەلێوە گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیی دەربڕین لەسەیرانگای بیلو لەنزیك زەریاچەی زرێبار بەڕێوە چوو.
ئەو خۆپیشاندەرانە بە نووسراوە و هەڵگرتنی پلاكارد پشتیوانی خۆیان لەژنانی كورد و ژنانی مەریوان بەتایبەتی دووپات كردەوە و لەو خۆپیشاندانەدا ژمارەیەكیش پێاو كە لەچكەی سووریان لەسەر نابوو وەبەر چاو دەكەوت.
دەرکردنی بەیاننامە و پێکهاتنی كەمپەین بە دژی بڕیاری دادگا

هەر لەو پێوەندییەدا كەمپەینێك لەدەرەوەی ئێران(ژن بوون ئامرازی سووکایەتی کردن بە کەس نیە) لەلایەن چالاكانی مەدەنیی و مافەكانی ژنانەوە پێكهات و بەشێك لەو چالاكانە جلی ژنانەیان لەبەر كردوو و پشتیوانی خۆیان لەژنانی مەریوان راگەیاند.

لەلایەكی دیكەوە مامۆستای ئایینی ئاوایی نێ‌خوتبەكانی رۆژی هەینی تەرخان كردبوو بۆ باس لەسەر جلوبەرگی كوردی و جێگە و پێگەی ژنی كورد و ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبی ئەو ئاوایەش كە لە نوێژی هەینیدا بەشدار بوون داوایان لەخەڵكی كردبوو كە بەمەبەستی پشتیوانی لەژنانی مەریوان و مەحكووم كردنی بڕیاری دادگای ئەو شارە واژۆ كۆ بكەنەوە.

لەدرێژەی پشتیوانی لەژنانی مەریوان ژمارەیەك خوێندكار و مامۆستای زانكۆی پەیام نووری شاری شنۆ لە نامەیەكدا وێڕای داكۆكیی لەمافی ژنان، پشتیوانی خۆشیان لەژنانی مەریوان راگەیاندبوو.

لەلایەكی دیكەوە سێ‌ ئەنجومەنی ژنانی مەریوان، ئەنجومەنی ئەدەبیی گوندی نێ و خوێندكارانی زانكۆی پەیام نووری مەریوان لەبەیاننامەیەكدا رایانگەیاندبوو، بێ دەنگی لە هەمبەر سووكایەتی كردن بە ژنان كە نیوەی كۆمەلگەی ئینسانییە و خولقێنەری بەشێكی دیكەی كۆمەلگەن، خەیانەت بە كۆمەڵگەی مرۆیی.
ئەمنیەتیی كردنی شاری مەریوان

هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران وێڕای ئەمنیەتیی كردنی دۆخی شاری مەریوان، هەر كەسیش كە جلی رەنگی سووری لەبەردابێ‌لێپرسینەوەی لێ‌دەكەن.
ئەمنیەتیی كردنی شاری مەریوان خۆی لە گوشار خستنە سەر هاووڵاتیان، نەمانی خێرایی و بچڕانی هێڵی ئینترنێت و نەبوونی خزمەتگوزاری تەلەفوون و یاهوودا بینیوەتەوە.
سەرەڕای ئەو دۆخەی كە لەمەریواندا زاڵە چالاكانی فەرهەنگی بەبەردەوامی سەرقاڵی كۆ كردنەوەی واژۆ لەژێر ناوی كەمپەینی كۆكردنەوەی واژۆ لە هاووڵاتیانی ئەو شارەن.