کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراو/ یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران پشتیوانی لە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان دەکات

17:50 - 24 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بە بۆنەی مانگرتنی گشتیی ماموستایان لە ٢٧ی خاكەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاویدا، داوا لە مامۆستایانی کوردستان دەکات کە پێوەست بەو مانگرتنە سەرتاسەرییەوە بن.

دەقی ئەم راگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

مامۆستایانی تێكۆشەری كورد

لە هەموو كۆمەڵگاكاندا چونكە مامۆستایان رۆڵێكی یەكلاكەرەوەیان لە گەشەپێدان و پێگەیاندنی نەوەی نوێ لە ئەستۆ دایە، شكۆیان بەرز رادەگیرێ و ژیانێكی شایستە و پڕ لە سەرفرازییان دەبێ لە لایەن حكوومەتەوە بۆ دابین بكرێت، كەچی بەداخەوە لە وڵاتی ئێرانی بەڵا لێدراوی ژێر دەسەڵاتی رێژیمی كۆماری ئیسلامیدا و سەرە‌ڕای سیاسەتە دژە پەروەردە و بارهێنانە پاشكەوتووەكانی و كەمتەر خەمی لە بواری ژیان و بژێوویی مامۆستایان، ئەم رێژیمە هەر رۆژە و بە شێوەیەک بێ‌رێزی بە مامۆستایان دەكات و شكۆیان دەشكێندرێت.

رێژیمی كۆماری ئیسلامی كە لە هەمبەر دانوستانی وزەی ناوكی، بۆ وڵاتانی رۆژئاوا چۆكی داداوە، بەڵام لە هەمبەر داخوازیی رەوای مامۆستایاندا بۆ چارەسەری بژیوی ژیانیان، چاو سوور كردنەوە هەڕەشەو گوڕەشە لە مامۆستایان دەكات.

ئێمە پێمان وایە كە مامۆستایان وەك ئەندازیارانی پەروەردەی نەوەكانی هەر كۆمەڵگایەك پێویستە خاوەنی ژیانێكی شایستە و شكۆیەكی مەزن بن.

هەر وەك ئاگادارن، مامۆستایانی چالاکی بواری پیشەیی مامۆستایانی پەروەردە و فێركردن، بە مەبەستی دەستەبەربوونی ماف و داخوازییەكانیان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەو دۆخە قەیراناوییەی كە پرسی پەروەردەی خستۆتە ژێر مەترسییەوە، داوایان لە هەموو مامۆستایانی ئێران و كوردستان كردووە كە هاودەنگ لە گەڵ مامۆستایانی سەرتاسەری ئێران لە رۆژی ٢٧ی خاكەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ئێراندا بەشداریی چالاكانە بكەن.

ئیمە وەك یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران، پشتیوانیی خۆمان بۆ ئەو داوا و ویستە رەوایی مامۆستایان دووپات دەكەینەوە و داوا لە مامۆستانی خۆرهەڵاتی كوردستان دەكەین لە مانگرتنی رۆژی ٢٧ی خاكەلێوی ئەمساڵدا شێلگیرانە بەشداری بكەن.

یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران
٢٤ی خاكەلێوەی ٢٧١٥ی كوردی