کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی یەکەم کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهەڵات (ژمارە١)

14:01 - 26 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات لیژنەی ئامادەکاریی یەکەم کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهەڵاتییان دیاری کرد.


نوسخەیەک لە راگەیەنراوی یەکەم کۆنفرانسی لاوانی رۆژهەلات بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\' گەیشتووە کە دەقەکەی بەم چەشنەیە:


خەڵکی تێکۆشەری رۆژهەڵاتی کوردستان!
لاوانی هێژا و دەروەستی نەتەوەکەمان!
بە ئاگاداریی هەموو لایەک رادەگەیەنین، پاش چەندین کۆبوونەوە و تاوتوێ کردنی باس و بابەتەکان و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان نوێنەرانی رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە خۆشییەوە توانرا بۆ ئامادەکاری و گرێدانی یەکەم کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهەڵات، لە ژێر دروشمی \'\'یەکڕیزیی لاوان، بەرەو داهاتوویەکی گەش\'\'، لە نێوان نوێنەرانی رێکخراوەکانی لاواندا، لیژنەی ئامادەکاری کۆنفڕانسەکە پێک بێ.
ئەوەی لێرەدا جێی سەرنج و تێڕامانە و خواستی لێژنەی ئامادەکار و رێکخراوەکانی پێکهێنەری کونفڕانسەکەشە، ئەوەیە کە ئەم کۆنفڕانسە دەبێ ئاوێنەی باڵانوێنی خواست و داخوازییەکانی لاوانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێ.
لەو پێوەندی‌یەدا بەپێی ریزبەندیی بەرنامە و هێڵە گشتییەکانی کۆنفڕانس، کە لەلایەن رێکخراوەکانی لاوانەوە بۆ جێ‌بەجێ کردنی بە لیژنەی ئامادەکار سپێردراوە، داوا دەکەین‌:
یەکەم:

بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەتیی زاڵ بەسەر نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی رێژیمی داگیرکەریی کۆماری ئیسلامییەوه،‌بەداخەوە بەشداریی لاوان لە کۆنفرانسەکەدا بە شێوەی ئاشکرا و حوزووری لە نێوخۆی وڵات ئەستەمە، بۆیە کۆمیتەی ئامادەکار خۆشحاڵ دەبێ کە لاوانی بەهەست و نیشتمانپەروەری وڵاتەکەمان، بۆ هەرچی زیاتر دەوڵەمەندتر کردنی کارەکانی کۆنفڕانس، راوبۆچوون ‌و تێ‌بینییەکانی خۆیان بۆ لێژنەی ئامادەکاری کۆنفڕانس بنێرن.
دووهەم‌:

داوا لە سەرجەم لاوان ‌و چالاکوانانی مەدەنیی رۆژهەڵات، دانیشتوو لە هەرێمی کوردستان ‌و دەرەوەی وڵات کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٣٥ ساڵە و خوازیاری بەشداری لەو کۆنفڕانسەدان، سی‌ڤی (C.V) خۆیان بۆ کۆمیتەی ئامادەکار لە رێگەی نوێنەرایەتیی رێکخراوەکان ‌و ئەم ئیمەیلەوە [email protected] تا رێکەوتی ١٠ی سەرماوەز، بنێرن (دیارە لە \'\'سی‌ڤی\'\'یەکەتاندا ئاماژە بە تەمەن، پسپۆڕی، شوێنی نیشتەجێ بوون، خوێندەواری و ... هتد، بکەن تاکوو دواتر لیژنەی ئامادەکار بەپێی رێژەی دیاریکراو نوێنەرەکان دەستنیشان بکا).
هەروەها بۆ ئەندامانی سەربە رێکخراوەکان، رێژەیەکی دیاریکراو دانراوە و ئەوان هەرکام لە رێگەی رێکخراوی خۆیانەوە بەپێی ئەو رێژە دیاریکراوە لە رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات، بەشدار دەبن.


سێهەم:


لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، له ‌سەرجەم ئێوەی خۆشەویست داواکارین هەر پێشنیار و سەرنجێکتان هەیە دەتوانن لە رێگەی ئیمەیلی کۆنفڕانس ([email protected]) یان نوێنەرایەتیی سەرجەم رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات، تێ‌بینییەکانی خۆتان بۆ لێژنەی ئامادەکاری کۆنفڕانس بنێرن.
لێژنەی ئامادەکاری یەکەم کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهەڵات
٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧١٣ی کوردی
١٥ی نۆڤامبری ٢٠١٣ی زایینی