کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی یەكیەتیی ژنانی دێموکرات، بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبرەوە

12:42 - 4 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژیی دژ بە ژنان، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی تەواوی ئەو راگەیەندراوە کە وێنەیەکی بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا نێردراوە، بەم چەشنەیە:

ئەمساڵ بزووتنەوەی رەوای رزگاری خوازی و مافویستیی ژنان لە جیهان، ئێران و كوردستان، لە هەلومەرجێكی جیاواز لە ساڵانی رابردوو چالاكیی تایبەت بە ٢٥ی نوامبر، رۆژی بنبڕ كردنی توندوتیژی دژ بە ژنان، بەرێوە دەبەن. سەرهەڵدان و پەلاماردانی داعش كە سەرەتا لە سوریە دەستی پێ‌كرد و پاشان كوردستانیشی گرتەوە، بێجگە لەم وڵات و هەرێمە دەتوانین بڵێن زۆربەی وڵاتانی جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ و نیگەران كردووە. شەڕ، یەكێك لە گەورەترین مەترسییەكانی مرۆڤایەتیە كە بە داخەوە ژنان تێیدا یەكەم توێژی خەسارهەڵگری كۆمەڵگا لە ئەگەری بەرەوڕووبوونی ئەم مەترسییەن. بە داخەوە بینیمان كە ژنان لە خاك و نیشتمانی خۆیان تووشی چ هێرشێكی دڕندانە بوون. ژنان لە ناوچە داگیركراوەكان بە دەست داعشەوە، لەگەڵ مەترسیدارترین توندوتیژییەكان وەك فرۆشتنی ژنان بە مەبەستی كۆێلایەتی جینسی، جیهادی نیكاح، خەتەنە، بەردباران، دوور خستنی ژنان لە كاری دەرەوەی ماڵ و تەنانەت حزووریان لە كۆمەڵگا و ... بەرەوڕوو بوون.

لە ئێرانی ئیسلامیشدا، توندوتیژیی دەوڵەتی بەردەوامە، یەكێك لە ئاخرین هەنگاوەكانی دەوڵەتی اعتدال و ئومێد پەسند كردنی گەڵاڵەی ئامران بە معروف و ناهیان مونكر بوو كە بە یەكجاری ئیزنی یاسایی و قانوونی توندوتیژی نیسبەت بە ژنان، كە لە لایەن مەجلیسی شورایی ئیسلامیەوە پەسند كرا، زۆری پێ‌نەچوو كە ئاكام و رەنگدانەوەی دەركردنی ئەم گەڵاڵەیە لە دەم و چاو و جەستەی ژنان و كچانی شاری ئیسفەحان بینرا. گروپێكی توندڕەو لە كۆماری ئیسلامی كە بەرێوەبەریی ئێستای وڵاتی ئێرانیان بە دڵ نیە و شەو و رۆژ گلەیی لە حیجاب و جل و بەرگی ژنان دەكەن، بە پشت بەستن بەم گەڵاڵەیە بۆ چاوترسێن كردنی ژنان و كەمێكیش تەنبیه كردنیان بە هۆی بدحجابی هەوڵیان دا بە ئەسید پرژاندن بەسەر دەم و چاوی ژناندا، بە ئاكام بگەن، بەڵام بە خۆشییەوە لەگەڵ چەندین حەرەكەتی نارەزایەتیی بەرینی ژنان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەرەوڕوبوون و بە ناچاری پاشەكشەیان كرد.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ئیسلامیدا، خەبات بە دژی یاساكانی توندوتیژی دژ بە ژنان، خەباتێكی لەمێژینەیە. ململانێی ژنان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی بە گشتی وەك حكوومەتێكی دژ بە ژن، هەر لە دەركردنی یەكەمین بڕیاری خومەینی (حیجابی زۆرەملی) دەستی پێ‌كردووە و هەتا ئێستاش بەردەوامە. بە دڵنییاییەوە بە كای بەردەوام و پشتیوانی ژنان لە یەكتر و یەكریزی، سەركەوتن مسۆگەر دەبێ‌و سەركەوتنی ژنان لە هەر بەشێكدا یارمەتی دەدات بۆ بەرەوپێشچوونی بزوتنەوەی ئازادیخوازی ژنان لە ناوچەدا.

قوربانیانی ئەم رووداوانەی دواییە لە كوردستان، لە مێژووی مرۆڤایەتی وەك خاڵێكی رەش دەمێنێتەوە و وەبیر هێنەری ژنانی ئازارچێشتوو و لێقەوماوی كورد دەبێتە مێژوویەكی هاوبەش وەك بەسەر هاتی خوشكانی میراباڵ، هیوادارین ژنانی كوردستانی رۆژهەڵات، خەبات و تێكۆشانی ژنانی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان، بكەن بە تێشووی ورە و وشیاری لە ژیانیاندا بۆ درێژە پێدان بە خەباتی مافخوازانە و دژ بە توندوتیژی لە كوردستان.

یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كومیتەی بەرێوەبەریی گشتی
٢٥ی نوامبری ٢٠١٤ی زایینی
٤ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی