کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەنراوی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ساڵـڕۆژی دامەزرانی ئەو یەکیەتییە

15:21 - 21 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٣ی رێبەندان، نۆهەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی، بیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

خوێندکارانی نەتەوە ستەم لێکراوەکان لە ئێران
خوێندکارانی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کورد و کوردستان

٣٥ ساڵە رێژیمی سەرەڕۆی زاڵ بەسەر ئێران، خوێنی لاوانی نەتەوە ستەم لێکراوەکان و خوێندکارانی تێکۆشەر و ئازادیخوازی ئەم نەتەوانە هەڵدەمژێت، خوێندکارانێک کە پەیامهێنەرانی ئازادی و تێکۆشەرانی راستەقنیەی سەنگەری خەبات بۆ دێموکراسی و وەدیهاتنی مافە نەتەوەیی‌یەکان لە ئێرانن.

ماشینی سەرکوت، تیرۆر و سێدارەی رێژیمی سەرەڕۆی ئاخووندی بەردەوامە لە ئەستاندنی گیانی رۆڵە راستەقینەکانی ئەم خاکە، بەڵام ئاڵای خەبات هەر شەکاوەیە و بزووتنەوەی نەتەوەیی ــ دێموکراتیکی نەتەوە ستەم لێکراوەکان لە ئێران بەرین‌تر و گشتی‌تر دەبێتەوە، بێ شک خوێندکاران تاقانە پێشەنگانی ئەم بزووتنەوەیەن.

٩ ساڵ لەمەوەپێش و لە ٢٣ی رێبەندانی ساڵی ١٣٨٣ هەتاوی، لەو رۆژانەی کە تراویلکەی رێفۆرمخوازی و بەڵێنە خاوەکانی خاتەمی بۆ خەڵکی ئێران ئاشکرا و هیوای ئەو خوێندکار و لاوانەی کە شەیدای بەڵێنەکانی رێفورمخوازانی حکوومەتی بوون، بوو بە بڵقی سەر ئاو، کۆمەڵێک لە خوێندکاران و خوێندەڤانانی چالاکی کورد، لە نێوخۆ و لە دەرەوەی وڵات بە مەبەستی رێکخستنی خەبات و چالاکییەکانی بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردی، بنەماکانی رێکخراوەکانیان بنیات نا کە هەتا هەنووکەش، زانستگەیان کردۆتە سەنگەری خەبات بۆ وەدیهاتنی ئارمانجەکانی نەتەوەی کورد و نەتەوە ستەم لێکراوەکان لە ئێران.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی پەرەپێدان و گەشەکردنی گوتاری نەتەوەیی و جێگیرکردنی دێموکراسی لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی دێموکراتیک بۆ خوێندکاران دامەزرا، چونکە بنیاتی بنەڕەتی سەرکەوتنی هەر جووڵە و بزووتنەوەیەک، رێکخستن و رێبەریی ئەو بزووتنەوەیە.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران دامەزرا، تاکوو چەترێک بێت لە پێناو کاناڵیزەکردنی هەوڵەکانی چالاکانی خوێندکاریی کورد.

ئێمە لە وەها رۆژێکدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە بۆنەی ئەم رۆژە پیرۆزە لە مێژووی بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردی و بزووتنەوەی خوێندکارانی نەتەوە ستەم لێکراوەکان لە ئێراندا، لەگەڵ ئارمانجی شەهیدانی بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردی بەڵێین نوێ دەکەینەوە و لە بەرەبەری ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ناجوامێرانەی خوێندکاری تێکۆشەری کورد، سانع ژاڵە لەگەڵ ئەو شەهیدە و گشت شەهیدانی رێگای دێموکراسی و ئازادی نەتەوە ستەم لێکراوەکان لە ئێران پەیمان دەبەستین کە هەتا وەدیهاتنی خواست و ئارمانجەکانیان لە سەنگەری خەبات و چالاکیدا بمێنینەوە.

سڵاو لە رێبوارانی راستەقینەی بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد
بەرز و پیرۆز بێت یادی شەهیدانی بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردستان و نەتەوە ستەم لێکراوەکانی دیکەی ئێران

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان ئێران
٢١ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی