کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رنوو ٤ کۆڵبەری کوردی لە ناوچەی ورمێ کردە قوربانی

14:16 - 7 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: ٢ کۆڵبەری کورد لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بەهۆی هاتنی رنوو گیانیان لەدەست دا و ٢ی دیکەش بە توندی بریندار بوون.


هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، دوو کۆڵبەری کورد بەناوەکانی \'\'فەرهەنگ فەتاحی\'\' کوڕی نایب و \'\'یاسر ئەنساری‌نژاد\'\' کوڕی سیراجەدین، دانیشتووی گوندی \'\'خانەگێ\'\'ی سەربە ناوچەی تەرگەوەڕی ئورمیە، بەهۆی هاتنی رنوو سەرلە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٦ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی، گیانیان لە دەست دا.
ئەو سەرچاوە بڵاویشیی کردەوە، لەو رووداوەدا دوو کۆڵبەری دیکە بەناوەکانی \'\'سەمەد فەتاحی\'\' کوڕی ئەحمەد و \'\'شەرەفەت ئەسغەری\'\' کوڕی قاسم، بە توندی بریندار بوون و دواتر بۆ نەخۆشخانە راگوێزراون و هەنووکە لەژێر چاودێریی پزیشکی دان.
یەکێ لەو کۆڵبەرانە بەناوی \'\'فەرهەنگ فەتاحی\'\'دوو رۆژ پێش ئێستا ئەڵقەی هاوسەرگیریی کردبووە قامکی، کە بە هۆی کەم داهاتی و دەست کورتی رووی لە کاری پڕ مەترسیی کۆڵبەریی کردووە و تووشی ئەو رووداوە بووە.
لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە: تەرمی ئەو دوو کۆڵبەرە کوژراوە لە گوندی \'\'خانەگێ\'\' ئەسپەردەی خاک کراون.
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرەوە هەتا ئێستا ١٣ کۆڵبەری کورد لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران، کوژراون و برینداربوون.