کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رنوو ٣ کۆڵبەری کوردی لە پارێزگای هەکاریی کوردستانی تورکیە کردە قوربانی

16:51 - 24 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: دوو کۆڵبەری کورد لە سنووری ئورمیە بەهۆی هاتنی رنوو گیانیان لەدەست دا و یەکێکی دیکەش تووشی سەرمابردوویی بوو.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، سێ کۆڵبەری کورد بەناوەکانی \'\'پەرویز دێهقان\'\' کوڕی رەشید، \'\'زیاد دەرگەیی\'\' کوڕی سەدیق و \'\'حەسەن دەرگەیی\'\' کوڕی سەدیق، کە هەر سێکیان خەڵکی گوندی گوندی \'\'پیرانجوق\'\'ی سەربە ناوچەی سۆمای ئورمیە بوون، رێکەوتی ٢٢ی سەرماوەز لە ناوچەی \'\'ئەشکەوتان\'\'ی سەربە پارێزگای هەکاریی کوردستانی باکوور تووشی رووداوی رنوو بوون و لە ئەنجامدا دوانیان گیانیان لەدەست دا و یەکێکیشان بەتوندی بریندار بوو.
\'\'پەرویز دێهقان و زیاد دەرگەیی\'\' لەو رووداوەدا گیانیان لە دەست داوە و \'\'حەسەن دەرگەیی\'\'ش بە توندی برینداربووە.
حەسەن دەرگەیی بەهۆی مانەوە لە ژێر بەفردا لاقێکی تووشی سەرمابردوویی بووە.
شایەتحاڵێک بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئەو سێ هاووڵاتییە لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نێوان پارێزگای ئورمیە و پارێزگای هەکاری تووشی ئەو رووداوە بوون، کە دواتر بەهۆی هەوڵ و ماندوو بوونی خەڵکی ناوچەکە تەرمەکان دۆزراونەتەوە و فریای بریندارەکەش کەوتوون و رەوانەی نەخۆشخانەیان کردووە.
هەروەها ئەو شایەتحاڵە راشیگەیاند کە \'\'پەرویز دێهقان\'\' برای یەکێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.
بەپێی ئاماری کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی سەرماوەزەوە هەتا ئێستا ١٣ کۆڵبەری کورد لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی ئێران بوونەتە قوربانی.