کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان لە رۆژئاوای کانادا بەڕێوەچوو

14:03 - 14 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان، ٦٩ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە رۆژئاوای کاناداوە بەڕێوەچووو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان، ٦٩ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و کوردانی نیشتەجێی رۆژئاوای کانادا بەڕێوەچوو.

سەرەتای رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان، پەیامی کۆمیتەی حیزب لە رۆژئاوای کاناداوە لەلایەن شەهریار ویژە بەرپرسی کۆمیتەی حیزب، پێشکەشکرا.

لەو پەیامەدا وێرای ئاوردانەوە لە هەل ومەرجی دامەزرانی کۆماری کوردستان و رۆڵی بەرچاوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وەدی هاتنی ئەم شانازیە مێژووییە دا، هیواخواز بوو بۆ وەدی هاتنی ئامانجەکانی کۆمار و پێشەوا و رزگاری نیشتمانی کورد لە دەست داگیرکەران.

پاشان، بە بۆنەی سەرکەوتنی مێژووی رۆڵەکانی گەلەکەمان و رزگاری شاری خۆراگری کۆبانی، سمایل ئیبراهیمی وێرای پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە مەزنە، پەیامی دەفەتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوەی پێشەکشی ئامادەبووان کرد.

شایانی باسە کۆمیتەی حیزب برووسکەی پیرۆزبایی هەر یەک لە پارتی دێموکراتی کوردستان- ڤانکۆوێر، کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، یەکێتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، و چەند لایەنی کلتووری و کۆمەڵایەتی و کەسایەتی هەلسووری نیشتەجێی ئەو هەرێمەی بە بۆنەی ٦٩ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان پێشکەشیان کردبوو.
رێورەسمەکە بە گورانی هونەرماندان میکائیل و فواد نەراقی کۆتایی پێهات.

ژوان.ک