کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیم لەژێر ناوی مەولوودنامە، خەڵک بۆ رێوڕەسمی ٢٢ی بەهمەن کۆ دەکاتەوە

14:18 - 18 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە کەڵکاوەژوو لە بیروباوەڕی خەڵکی کوردستان بە فێڵ و تەڵەکە هەوڵی قەرەباڵغ نیشاندانی رێوڕەسمەکانی ٢٢ی بەهمەن دەدات.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ ئیدارە جۆراوجۆرەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری شنۆ بە فێڵ و تەڵەکە لە هەوڵی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمێک بۆ رۆژی ٢٢ی بەهمەن لە گوندی \'\'حەسەن نووران\'\'ی سەر بەو شارستانە دایە.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی حەسەن نووران بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی رایگەیاند: ئیدارەی بەخشداریی مەرکەزیی شنۆ بە هاوئاهەنگیی شۆرای گوند، رێوڕەسمێک لەژێر ناوی جێژنی مەولوود، لە دایک بوونی پێغەمبەری ئیسلام، بۆ ٢٢ی بەهمەن بەڕێوە دەبات و بەو شێوەیە دەیهەوێ خەڵک لەژێر ناوێکی دیکەوە بەشداری ئەو رێوڕەسمە بکات.
ئەو هاووڵاتییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، وتی: \'\'رێژیم بە درۆ داوای لە خەڵک کردووە کە بۆ جێژنی مەولوودی پێغەمبەر کەلە رۆژی ٢٢ی بەهمەن بەڕێوە دەچێت، هەر بنەماڵەیەک لەو ئاوایی‌یەدا خواردن و خۆراکی بۆ میوانەکانی بەشدار لەو رێوڕەسمە ئامادە بکەن\'\'.
رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەیهەوێ بەو شێوە رێوڕەسمەکانی ٢٢ بەهمەن قەرەباڵغ و خەڵکی کوردستان بە فێڵ و تەڵەکە و لەژێر ناوی دیکە، وەفادار بە ئینقیلاب نیشان بدات و کە بیروڕای گشتی پڕوپاگەندەی بۆ بکات.
ئەو هاووڵاتییە وتیشی: رێژیم بە بەرپرسی شۆراکانی ئاوایی حەسەن نووران رایگەیاندووە کە ئەگەر خەڵک بە باشی بەشاری لەو رێوڕەسمە درۆیینەدا بکەن، بەڵێنی لوولوکەشیی گازیان پێ دەدەین.
ساڵانی رابردووش رێژیم لەو چەشنە فێڵ و تەڵەکانە کەڵکی وەرگرتووە و ویستوویەتی خەڵک لەو رێوڕەسمانەدا بەشدار بکات بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.