کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران پابەندبوونی بە پێشنیارەکانی کۆبوونەوەی ژنێڤ، وەدواخست

19:52 - 14 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: قەبووڵی ٢٩١ پێشنیاری پێشکەش‌کراو لەلایەن ١٠٨ وڵاتی جیهان لە دانیشتنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یکگرتووەکان لە ژنێڤ، لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە وەدواخرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی رادیۆ فەردا، شاندی هەنێردراوی رێژیمی ئێران بۆ بەشداری لە دانیشتنی شوورای دەوەریی مافی مرۆڤ کە لە ژنێڤ بەڕێوەچوو، بڕیاری قەبووڵ یان رەت کردنەوەی پێشنیارەکانی ١٠٨ وڵاتی جیهانی بۆ مانگی مارسی ٢٠١٥ی زایینی (١٠ی رەشەممەی ئەمساڵ هەتا خاکەڵێوەی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی) وەدواخست.

تاوتوێکردنی جیهانی دۆخی مافی مرۆڤی ئێران، رۆژی هەینی رێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی لە بنکەی شوورای مافی مرۆڤ لە شاری ژنێڤ بەڕێوەچوو و تێیدا رێژیمی ئێران ٢٩١ پێشنیاری ١٠٨ وڵاتی جیهان کە بۆ چاکسازیی دۆخی ماڤی مرۆڤ لە ئێران پێشکەش کرابوو، وەرگرت.

لێژنەی وڵاتانی ئامادە‌بوو لەم کۆبوونەوە، پێکهاتووە لە ئارژانتین، فیلیپین و رۆمانی پاش کۆکردنەوە و پۆڵینبەندیی پێشنیارەکان داوایان لە رێژیمی ئێران کرد تا ئەو پێشنیارانە بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە بەڵام رێژیمی ئیسلامی دوا بڕیاری خۆی بۆ پابەندبوون بەو پێشنیارانە بۆ پێنج مانگ وەدواخست.

مێکانیزمی کاریی دانیشتنی دەورەیی تاوتوێکردنی دۆخی مافی مرۆڤ، بە ڕێکەوتنی زۆرینەی ئەندامان لە پێنجەمین کۆبوونەوەی شوورای مافی مرۆڤ کە لە رێکەوتی ٢٨ی جۆزەردانی ٨٦ بەڕێوەچوو، پەسەندکرا و بە فەرمی دەستی بەکارەکانی کرد. ئەم دانیشتنانە، رەوتێکی بەردەوامە کە تێیدا دۆخی مافی مرۆڤ لە ماوەیەکی دیاریکراودا لە هەریەک لە وڵاتەکانی ئەندام، تاوتوێ دەکرێ.