کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژەی تووشبوان بە نەخۆشی ئاسم لەپارێزگای كرماشان بە هۆی تۆز و خۆڵەوە روو لەزیاد بوونە

22:51 - 12 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: لەپارێزگای كرماشان رێژەی تووشبوان بە نەخۆشی ئاسم روو لەزیاد بوونە و ئەمەش لەحاڵێكدایە كە پیسی ژینگە و كەش و هەوا لەو پارێزگایەدا حاكمە.

هەنووكە شەپۆلێكی بەربڵاو لە وردیلەكانی توز و خۆڵ پارێزگای كرماشانی گرتۆتەوە، بەچەشنێك كە مەودای بینین بەشێوەیەكی بەرچاو كەم بۆتەوە.
لەو پێوەندییەدا مەهدی زەبیری بەهەواڵدەریی مهری راگەیاندووە، بوونی وردیلەكانی تۆز و خۆڵ دەتوانێ‌ كاریگەری زۆر خراپی لەسەر نەخۆشەكانی تووشبوو بە ئاسم هەبێت و ئەو نەخۆشییە دەگەیەنێتە قۆناغی مەترسیدار.
ئەو پزیشكە وتیشی: وردیلەكانی تۆز لەگەڵ هەڵكێشانی هەناسە دەچێتە ناو خانەكانی لەشەوە و زۆر بەئەستەم لەلەش دێنە دەرەوە و ئەوەش وا دەكات كە خانەكان توانای هەڵمژینی ئۆكسیژێنیان نەبێت.
وردیلەكانی تۆز و خۆڵ ئوستانی كوردستان و ئیلامیشی گرتۆتەوە و ئیدارەی كەش ناسی هەر دوو پارێزگاكە رایگەیاندووە، رێژەی وردیلەكان لەهێڵی سوور تێپەڕیوە.
لەپارێزگای كوردستان تۆز و خۆڵ گەیشتۆتە قۆناغێك كە وای كردووە خەڵكی بۆ كاروباری رۆژانەشیان نەتوانن سەردانی بازار بكەن و لەو پێوەندییەدا ئیدارەی ژینگە پارێزی بەیاننامەی دەركردووە.
لەپارێزگای ئیلامیش بوونی تۆز و خۆڵ پلەی گەرمای لەو پارێزگایە زیاد كردووە ومەودای بینینیش بەتەواوەتی كەم بۆتەوە.
پسپۆڕانی پزیشكی لەو باوەڕەدان لەهەر یەك گرم وردیلەی تۆز و خۆڵدا ٢١٣ باکتری و قارچ بوونی هەیە.