کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژەی تەڵاق لە شارستانی شنۆ زیادی کردووە

16:03 - 8 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: ئاماری پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە ٩ مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە شاری شنۆ کەمی کردووە و هاوکات ئاماری تەڵاق لەو شارەدا زیادی کردووە.


هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری بەرپرسی ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی شنۆ بڵاوی کردەوە، ئاماری ژیانی هاوبەش لە ٩ مانگی یەکەمی ١٣٩٢ی هەتاوی لەهەمبەر ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو لەسەدا ٢ کەمی کردووە و لەو ماوەیەشدا ٨٠٢ حاڵەت پێکهێنانی ژیانی هاوبەش تۆمار کراوە.
بەپێی ئامارەکان لە ماوەی ٩ مانگدا، ١٥١ حاڵەتی تەڵاق تۆمارکراوە کە لەهەمبەر ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو لەسەدا ٦٤ زیادی کردووە.
هەروەها بەپێی ئەو ئامارانە کە لەلایەن ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی رێژیمی ئێران لە شارستانی ماکۆ بڵاو بۆتەوە رێژەی تەڵاق لە ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو ٩،٣% زیادی کردووە و رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش ١١،٦% کەمی کردووە.
لەو پێوەندییەدا لە ٩ مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە پارێزگای کرماشان ٢٣٥٤ حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش کەمی کردووە کە بە سرنجدان بە زیادبوونی ٢٧٦ حاڵەتی تەڵاق لەو ماوەیەدا پارێزگای کرماشانی لە باری پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و تەڵاقەوە کردۆتە یەکەم پارێزگای ئێران.