کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکەوتنی خراپ، پەسندکردنی گەمارۆی نوێی بەدژی رێژیمی ئێران بەدواوە دەبێت

20:24 - 22 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: سیناتۆرە ئامریکایەکان رایانگەیاند لە ئەگەری دانەخرانی تەواوی بەرنامەی وەزی ناوکیی رێژیمی ئێران، گەمارۆی ئابووری زیاتر دژی رێژیمی پەسند دەکرێت.


بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە بیانییەکان، دوو سیناتۆری دێموکرات و کۆماریخوازی ویلایەتی نیوجێرسی و ئیلینۆیز لە بەیاننامەیەکدا کە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی بڵاویان کردووەتەوە، سەبارەت بە رێکەوتنی خراپ ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئیسلامی هۆشداریان داوە.

رابێرت منێندێز، سێناتۆری دێموکراتی ویلایەتی نیوجێرسی و مارک کێرک، سێناتۆری کۆماریخوازی ویلایەتی ئیلینۆیز، لە بەیاننامەکەیاندا جەختیان کردەووەتەوە کە بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران نایاساییە و دەبێ بەرنامەی وزەی ناوکیی رێژیمی ئێران بە تەواوەتی لە ناو بچێت و دابخرێت.

بەربەستە سەخت و دژوارەکان بۆ لێکۆڵینەوە ئەتۆمییەکانی ریژیمی ئێران و پەرە پێدانی ئەو بەرنامەیە و هەروەها لە ناوبردنی هەموو ئەگەرە نیزامی- ناوکییەکان داواکاریی سێناتۆرە ئامریکاییەکانە، لە گرووپی ١+٥ لە دانوستانەکانی لەگەڵ رێژیمی ئێران.

رابرت منێندێز و مارک کێرک لە بەیاننامەکەیاندا سەبارەت بە رێکەوتنی خراپ لەگەڵ رێژیمی ئێران هۆشداریان دا و جەختیان کردەوە لە ئەگەری رێکەوتنێک کە بەرنامەی ناوەکیی ئێران بە تەواوی دانەخات، وێڕای ئەندامانی دیکەی کۆنگرەی ئامریکا گەمارۆی زیاتر دژی رێژیمی ئێران پەسند دەکەن.

ئەم دوو سێناتۆرە، بۆ لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان پێویستە کە ناورۆکی هەموو رێکەوتنەکان لە بەر چاو بگرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، جو بایدێن، جێگری سەرکۆماری ئامریکاش لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی تەلەفیزیۆنیی(CNN)دا رایگەیاندووە، کە درێژەی پیتاندنی ئورانیۆم و درێژەی لکۆڵینەوەی ناوکیی رێژیمی ئێران لەلایەن ئامریکاوە جێگای قەبووڵ کردن نییە و هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ئامریکا ناهێڵێت رێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی بگات.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە رێژیمی ئێران لە ئەگەری رێکەوتن داوای لابردنی تەواوی گەمارۆ ئابوورییەکانی کردووە و هەروەها بۆ تیمی دانوستانکار، پاشەکشە لە بەرنامەی ناوکی هێڵی سوورە.