کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ١٠٠ كرێكاری بەنداوی ژاوەی سنە لەسەر كار دەركران

22:54 - 1 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: بەرپرسانی پڕۆژەی بەنداوی خاكیی ژاوە لەسنە ١١٠كرێكاری ئەو بەنداوەیان لەسەر كار دەركرد.


ماڵپەڕی كۆمیتەی هاودەنگی بۆ پێكهێنانی دامەزراوە كرێكارییەكان بڵاوی كردەوە، ئەو كرێكارانەی كە لەسەر كار دەركراون، ماوەی چەند مانگە مووچەیان پێ‌ نەدراوە و بۆ ئەو مەبەستە ناڕەزایەتیان دەربڕیبوو.
بەرپرسانی ئەو بەنداوە لەباتی وەدیهێنانی ویستی كرێكاران، لەسەر كار دەریان كردوون.
ماوەی زیاتر لە ١٨مانگ لەمەوبەریش چل كەس لە كرێكارانی بەشی خۆڵە سوورەی بەنداوی ژاوە هەڵكەوتوو لەناوچەی ژاوەرۆی سنە لەسەر بڕیاری كارفەرماكەیان لەسەر كار دەركرابوون.
بەوتەی كرێكاران، بەڵێندەر و ئەندازیارانی بەنداوی ژاوە خەڵكی ناخۆجێین و زۆر كرێكاری غەیرە كوردیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و ئەوانەی كە دەردەكرێن هەموویان كرێكاری كوردن.
لەلایەكی دیكەوە لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩١دا شیركەتی بەڵێندەریی معتبر كە یەك لە شیركەتەكانی بەنداوی ژاوەیە ، سەرەڕای ئەوەی كە مووچە و مەزایای چوار مانگی كرێكارانی نەداوبوو، نزیك بە 200 كرێكاریشی لەسەر كار دەركردبوو.
شیركەتەكانی بەنداوسازیی ژیان و معتبر ماوەی ٥ ساڵە دەستیان بەدروست كردنی بەنداوێك بە ناوی ژاوە لە نزیك گوندی دەرە كەوڵە لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە كردووە و لەو ماوەیەدا سەرەڕای ئازار و ئەزیەتی كردنی كرێكاران، كۆمەڵێك گیر و گرفتیان بۆ هاووڵاتییانی ناوچەی ژاوەرۆی سنەش دروست كردووە.