کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٥ میلیۆن بنەماڵەی ئێرانی، کەسی کاسبکاریان نییە

16:30 - 25 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: بەپێی راپۆرتی نوێی بانکی ناوەندیی ئێران، لە سەدا ٢٤ی بنەماڵە ئێرانییەکان، هیچ کەسێکی کاسبکاریان نییە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە ئامارە بڵاو کراوەکانی ناوندی ئاماری رێژیمی ئێران، لە ماوەی ساڵی رابردوودا، رێژەی ئەو بنەماڵانەی کە سەرجەمی ئەندامانیان بێکارن، هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە.

بەپێی ئەم ئامارە، لە سەدا ٢٤ی بنەماڵە ئێرانییەکان هیچ تاکێکی کاسبکاریان نییە.

بەپێی زانیاریی ناوەندی ئاماری رێژیمی ئێران، حەشیمەتی ئەو ولاتە لە سالی ١٣٩٠، ٧٥ میلیۆن و ١٥٠ هەزار کەس بووە و بەپێی ئاماری بانکی ناوەندی، ئێستا زیاتر لە ٥ میلیۆن بنەماڵەی ئێرانی هیچ ئەندامێکی کاسبکاریان نییە.

گەمارۆی ئابووریی داسەپا و بە دژی رێژیمی ئێران لەلایەن یەکییەتیی ئۆرووپا و وڵایەتە یەکگرتووەکان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هۆی سەرەکی دۆخی هەنووکەیی ئابووری ئێران بە ئەژمار دێت کە راستەوخۆ لە سەر بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری شوێن‌دانەر بووە.

پاش داسەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکان، زۆربەی یەکە بەرهەمهێنەر و پیشەییەکان داخراون و یان بە شێوەی نیوەچڵ درێژە بە کارەکانیان دەدەن.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە سەدا ٧٠ی یەکە بەرهەمهنەر و پیشەییەکانی پارێزگاکانی ئورمیە، کوردستان و کرماشان بە هۆی نەبوونی سەرمایەگوزاری و گەمارۆ ئابوورییەکان داخراون و ئەمەش بووتە هۆی ئەوەی کە سەدان کەس بە حەشیمەتی بێکاری ئەم پارێزگایانە زیاد بێت.