کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٤٠ هەزار پزیشك لەئێران بێكارن

23:12 - 25 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: لێپرسراوی نیزام پزیشكی ئێران رایگەیاند، زیاتر لە٤٠ هەزار پزیشك لەئێران كارێكی ئەوتۆیان نیە.

رۆژنامەی شرق لەزاری عەلیڕەزا زالی بڵاوی كردەوە، لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٨ هەزار پزیشكی گشتیی لەئێران بێكارن و ١٠ هەزار ٥٠٠ پزیشكی‌تریش هەیە كە لەلیستەی ئێمەدا تۆمار نەكراون و كارێكی ئەوتۆیان نیە و لەلایەكی دیكەوە ٢٠ هەزار پزیشكی گشتی دیكەش شوێنی نەخۆش بینین (مەتەب)یان نیە.

زالی وتیشی: ژمارەیەك لەپزیشكیش هەن كە مۆڵەتی كار كردنیان پێدراوە، بەڵام بە هۆی كێشەی ئابووری و گرانی كەلوپەلی پزیشكی توانای كردنەوەی مەتەبیان نیە.

ئەو لێپرسراوە لەو باوەڕەدایە، زۆرترین رێژەی هەڵاتنی نوخبەكان لەئێران لە ناو توێژی پزیشكەكاندایە و هیچ كەسیش لەو پێوەندییەدا وڵامدەر نیە.

ماوەیەك لەمەوبەریش هێندێ‌سەرچاوەی هەواڵی بڵاویان كردبووە، نزیك بە ١٥ هەزار پزیشك لەئێران سەرقاڵی فرۆشتنی گوشی پزیشكین و بە ناچاری روویان لەو پیشەیە كردووە.