کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی بەندەر عەبباس دەستی دایە مانگرتن

19:39 - 27 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: عەلی مورادی، زیندانیی سیاسیی کورد کەلە زیندانی مینابەوە بۆ زیندانی بەندەر عەبباس راگوێزراوە، لەهەمبەر ناڕەزایەتی دەربڕین بەو راگواستنە مانی لە خواردن گرتووە.


کەمپەینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی بڵاوی کردەوە، عەلی مورادی زیندانیی سیاسیی کورد کە زیاتر لە ١٠ ساڵە لە زیندانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا دەسبەسەرە، ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و راگواستنی بۆ زیندانی بەندەر عەبباس، مانی لە خواردن گرتووە.
عەلی مورادی رێکەوتی ٢٩ی رێبەندانی ١٣٨٢ی هەتاوی، بەتۆمەتی هاوکاریی حیزبێکی کوردیی دژبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شارۆچکەی \'\'کانی‌دینار\'\'ی سەربە ناوچەی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە تۆمەتی \'\'موحاربه\'\' لە رێگای \'\'ئەندامەتی لەو حیزبەدا\'\' لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەریوانەوە سزای \'\'٣٠ ساڵی زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی میناب\'\'ی بەسەردا سەپا.
ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە هەنووکە بۆ زیندانی بەندەر عەبباس لە باشووری ئێران رایانگواستووە و تاقە زیندانیی سیاسیی ئەو زیندانەیە کەلە نێوان زیندانییانی شەڕانگێز و قاتڵدا قاچاخچیی ماددەی هۆشبەر بەند کراوە.
عەلی مورادی سەرەڕای ئەمانە تووشی نەخۆشیی \'\'دڵ\'\'یش بووە و پزیشکان رایانگەیاندووە کە دەبێ لە نەخۆشخانەیەکی تەیار بە کەرەسەی پێشکەوتوو بخەوێنرێ و نەشتەرگەریی دڵی بۆ ئەنجام بدرێ.
ئەو زیندانییە سیاسییە پێشتریش بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر ئەو حوکمە، واتە راگواستنی بۆ زیندانی بەندەر عەبباس، بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ لێوی دوورییەوە و مانی لە خواردن گرت، بەڵام دواتر بە بەڵێنیی هاوکاری و یارمەتیدان لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە، کۆتایی بە ماگرتنەکەی هێنا.
ناوبراو پێشتریش لە ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی بە تۆمەتی هاوکاریی حیزبێکی کوردیی ئوپۆزسیۆنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر و پێنج سزای زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی مینابی بەسەردا سەپا.