کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەكی سیاسیی كورد بە دورینی لێوی، مانگرتنی راگەیاند

18:28 - 22 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: زیندانییەكی سیاسیی كورد لەگرتووخانەی میناب بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەدۆخی نالەباری خۆی و هەروەها ناو زیندان لێوی خۆی دوری.

محەممەد حوسێن رەزایی ماوەی یەك حەفتەیە بەنیشانەی ناڕەزایەتی لێوی خۆی دوریوە، ئەو زیندانیە سیاسییە ماوەیەك لەمەوبەر نامەیەكی ئیعترازی بۆ لێپرسراوی گرتووخانەی میناب ناردبوو و لەمەڕ بارودۆخی خۆی و ناو زیندان ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو.
كەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی كردەوە، ئەو نامەیەی محەممەد حوسێن لەگەڵ گوێ‌نەدانی بەرپرسانی زیندان بەرەوروو بۆوە.
ئەو هاووڵاتییە كوردە دوای دورینی لێوی خۆی، لەلایەن لێپرسراوانی گرتووخانەی مینابەوە رەوانەی زیندانی تاكەكەسیی كراوە و لەملاقات لەگەڵ بنەماڵەكەی بێبەری كراوە.
محەممەد حوسێن رەزایی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ لەناوچەی سنە بە تۆمەتی محاربە هاورێ‌لەگەڵ سێ‌كەسی دیكە لەلایەن هێزەكانی رێژیمەوە دەسبەسەر كرا.

ئەو هاووڵاتییە دوای ماوەیەكی زۆر لەراگرتنی لەگرتنگەكانی ئیدارەی ئیتلاعات و سپا دا لەشاری سنە، لەئەنجامدا لەدوو حوكمی جیاوازدا بە ٤٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی میناب مەحکووم کرا.