کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەخت خستنە سەر بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کوردی دانیشتووی تورکیە لەلایەن رێژیمی ئیسلامییەوە

20:49 - 17 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە شاری بۆکان، زەختی خستووەتە سەر بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کورد کە هەنووکە دانیشتووی وڵاتی تورکیەیە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامی لە شاری بۆکان، ماوەیەکە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی سیروان ئەمینی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە زەختی خستوە سەر بنەماڵەی ئەو چالاکە کوردە کە لە ئێستادا دانیشتووی وڵاتی تورکیەیە.

سیروان ئەمینی و هاوسەرەکەی دوو ساڵ پێش لە ئێستا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیلاعاتی رێژیمی ئیسلامییەوە لە ئورمیە دەستبەسەر کران و ماوەیەک بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردیی دژبەری رێژیمی ئێران لە گرتنگە بوون.

بەپێی ئەم راپۆرتە، سیروان ئەمینی پاش ئازاد بوون بە هۆی گوشاری هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم، لەگەڵ هاوسەرەکەی زێدی خۆیان بەجێ‌هێشتوە و پەنایان بۆ ولاتی تورکیە بردووە.

لەم پێوەندییەدا، خوشک و برای محەممەدغەریب فەیزی چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی مەریوان کە هەنووکە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە، بە حوکمێکی هەڵپەساردن لە خوێندن لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

قەدەغەکردنی چوونە دەرەوەی وڵات و هەڕەشەی کوشتن لە بنەماڵەی محەممەد غەریب لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، لەو هەوڵە نایاساییانەن کە رێژیمی ئیسلامی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو چالاکە سیاسییە گرتوویەتەبەر.

پێشتر، لە سێهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سەوزی چیا، لەلایەن پشکێنەر و کۆڕی گشتی ئەو ئەنجومەنە مەدەنییە، لە ماندووبوون و هەوڵەکانی محەممەد غەریب فەیزی لە بواری دیزاینی پووستێر و نیگارکێشی سوپاس و دەست خۆشی کرابوو.

محەممەد غەریب فەیزی سەرەڕای چالاکیی سیاسی، لە بواری ژینگەپارێزی هەڵسووراو بووە و رێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری سالێ ١٣٩٠ی هەتاوی لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە زیندان و سزای نەختی مەحکووم کرا.

ئەو چالاکە سیاسییە دوای حوکم‌دران لەلایەن دادگای ئینقلابەوە و بە هۆی گوشار و ئازاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان کوردستانی ئێرانی بەجێهێشت و هەنووکە لە دەرەوەی وڵاتە.