کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستۆکهۆڵم/ یادی ڕۆژی کرێکار بە بەشداریی ئەندامانی حیزب کرایەوە

21:34 - 15 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری ستۆکهۆڵم، بەشدارییان لە ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ڕۆژی کرێکاردا کرد.

بە بۆنەی ڕۆژی کرێکارەوە، لەشاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوید، بە دەستپێشخەریی پارتی سۆسیال دێموکراتی سوید، ڕێپێوانێکی دوور و درێژ لە (هیومل گۆرد پارک)ەوە بەرەو (بان تۆریەت) لە ناوەندی شاری ستۆکهۆڵم، ئەنجام درا.

لەو ڕێپێوانەدا، جگە لە ڕێکخراو و سەندیکاکانی سەر بە پارتی سۆسیال دێموکراتی سوید، ژمارەیەکی بەرچاو لە پارت و ڕێکخراوە سیاسیی و مەدەنییەکانی نەتەوە جیاوازەکانی وڵاتانی دیکە کە لە سوید نیشتەجێن، بەشدار بوون.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەک لەو هێزە سیاسییانە بوو کە بەشداری ئەو یادە بوو. ئەندامانی حیزب بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و وتنەوەی دروشم دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئیران و هەڵگرتنی پلاکارت، هەوڵیان دا پشتیوانی خۆیان لە کرێکارانی کوردستان و خەڵکی زەحمەتکێش و چەوساوەی کوردستان بگەیەننە گوێی بەشدارانی ڕێپێوانەکە و هاوکاتیش داوایان دەکرد پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکرێت و پڕ بە گەروو هاواریان دەکرد کە دۆزی گەلی کورد لەهەر وڵاتێک بێ دۆزێکی ڕەوایە.

لەخاڵی کۆتایی ڕێپێوانەکەدا، مەراسیمی وتارخوێندنەوە بەڕێوەچوو کە تێیدا چەند کەس و یەک لەوان، کارین یەمتن (سکرتێری پارتی سۆسیال دێموکرات)، تایبەت بە ڕۆژی کرێکار و مافەکان و داواکانیان، وتاریان پێشکەش کرد. ئەندامانی حیزب لەو بڕگەیەدا پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتیان لە وڵاتی سوید بە زمانی سویدی سەبارەت بە ڕۆژی کرێکار لەنێو بەشداراندا بڵاوکردەوە.