کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزای ٢٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بە سەر هاووڵاتییەكی كوردستانی رۆژهەڵاتدا سەپا

17:36 - 19 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: لاوێكی كوردی خەڵكی كرماشان لەلایەن دەزگا قەزاییەكانی رێژیمی ئێرانەوە بە ٢٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی میناب لەپارێزگای هۆرموزگان حوكم درا.


ئەفشین سوهراب زادە تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵكی شاری كرماشان بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێكی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی ئێران دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی میناب دوور خراوەتەوە.
كەمپەینی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لەئێران بڵاوی كردەوە، ئەو هاووڵاتییە كوردە ماوەی ١٤ مانگ لەمەوپێش لەزیندانی شاری سنەوە بۆ گرتووخانەی میناب دوور خراوەتەوە.

ئەفشین سوهراب زادە رێكەوتی ١٧ی مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لە جادەی سنە ـ سەقز لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر كراوە.

زیندانی میناب یەك لەو گرتووخانانەیە كە لەبارودۆخێكی زۆر ناڵەبار دایە و بە رای چالاكانی مافی مرۆڤ رێژیمی ئێران لەئەنقەست ئەو دەسبەسەر كراوانە رەوانەی ئەوێ‌دەكات.

ماوەیەك لەمەوبەرمحمد زینتی زیندانیی سیاسیی كوردی خەڵكی شاری سەقز كە بە حەبسی ئەبەد مەحكووم كرابوو، لەگرتووخانەی میناب بەهۆی نالەباری دۆخی زیندان تووشی نەخۆشی هاتبوو و لەئەنجامدا گیانی لەدەست دابوو.